تەیرەکانی ئیسماعیل   

 فۆتۆ، شیلان جه‌بار

 

 

  ئیدی ئاوڕ لە سێبەرە سەرابییەکانی

سەحرا نادەمەوە

تا بەم درەنگ وەختە

لەئێوە ون نەبم

تاوێ بەر لە فڕینی ئەوان

من لە سەفەری مێرگەکانی وەنەوشە هاتمەوە

تازەکیی تەپ وتۆزی پیرییم

لەمناڵیی خۆم تەکاند

تازەکیی لەژێر شەستە ئاونگی شەرمی

جەنگەڵستانە دوورەکانا

بوومە ئاو

چۆڕ چۆڕ لەخۆم ڕژام

بەو هەموو برینەوە

مروارییم بۆ زەریا ڕاو کرد

بەو دەست و پەنجە لەگۆ کەوتووانەوە

چرام بۆ ڕێبوارە جێماوەکانی

بیابان پێکرد

لەوێوە تا ئێرە

بەدوای خۆمدا

سێبەری زەریاچەکانم خەواند

لە دڵیی خۆمدا .. حاشام کرد

لە عیشق

      لە سەفەر

                 لە ئێوە

                            لە ....

حاشام کرد لەو مێژووە مەئیوسەی

کە دۆسییەی شکستەکانی ئێمەی

ئارشیف کرد

لە دڵی خۆمدا حاشام کرد

لەو شۆڕشە مازۆشییانەی

کە دڵی شۆڕشگێڕە پیرە

ڕۆمانسییەکانیان ڕەنجاند

شوێنپێی مردنەکانیان هەڵگرت و

تەرمی خۆکوشتنەکانیان

بۆ یادگار مۆمیا کرد

حاشام کرد

لەو چکلێتە نامانەی

که‌ بەناوی عیشقەوە

کچەکانی منیان دەسخەڕۆ کرد

تۆ ئەم جەنگاوەرە ساڵخوردە

دۆڕاوەت نەناسیی بوو

کە ناوەخت جەنگم لە تابووتێکی وەنەوشەییدا

کردەوە بە ماڵدا

بیابان لە چاوانما کەروێشکەی دەکرد

دەرگای حەوشە کرایەوە

لەودیو پروشەی بارینی سەرمەوە

تۆم بینی

بەڵام نەمتوانی بتناسمەوە

بەفڕینی تەیرەکانا زانیم تۆیت

تۆ .... تۆ

بە سەری بڕاوی (ئیسماعیل) دا

زانیت

منم ... من

م ....

   ن!

 

 

چۆنیت برادەر

تا من دەچمە ژوورێ و

ئەمانەتەکان دەگەیەنم

تۆزێک باراناو

بۆ تەیرەن ئەبابیلە گوناهەکانی

سەر شان و مل و سەرم

ڕۆکەن

ئەوسا لێرەوە

بە زەریادا

دەتانبەمەوە سەر یەکەمین دڵۆپە ئاو

لەوێ ببینن

چۆن شەڕەکان لەئاو هەڵدەکێشرێن

چۆن چۆنیی پرسیارەکان قەد دەکرێن

ببینن

چۆن شۆڕشەکان دەخرێنە مۆزەخانە و

چۆن چۆنیی ئاشتییەکان

لەبەر هەتاو هەڵدەخرێن

چۆنیت برادەر

تا مناڵە مەنگۆلییەکانی گەڕەک

لە ژماردنی تەیرە مردووەکانی

حەوشی مزگەوت دەبنەوە

من ئەمانەتەکان دەگەیەنمە دەستی ( یوسف)

پێی دەڵێم :

کوڕم چەندی ماوە ڕۆژ بێتەوە؟

پێمدەڵێ:

چەند بێ مانایە ئەم ڕژانە

چین ئەم وەرزە میزاجییانەی

کە ئاوها سووک و باریک

دەماندەنە دەست یەکتر!

بەچیمان دەزانن

ئەم ساتە نەزۆکانەی

کە ساڵژمێرەکانی ڕوانینمان قەد دەکەن

چین ئەم عاشقە ناشییانەی

شیعرەکانمان دەکەنە

نامەی دڵداریی بۆ یەکتر

چۆنیت کوڕم!

چ شاعیرانە خۆت کرد بەژووردا و

بە ناوی قاوەوە فنجانە ژەهرەکانت فڕکرد!

چ ساویلکانە لەبەر شەستەبارانی غوربەتا

چاوت بۆ سێبەری کۆترەکان گێڕا

چ زاڵمانە

لە فڕکان فڕکانی گوللە خەمساردەکانا

سەرە بڕاوەکانی خۆت ژمارد!

ها... ئەمە نامەکان

ئەمەش وێنەکان

ئەوەش ....

شتێک لە داروپەردووی پاپۆڕە تێکشکاوەکان و

تۆزێک لە ڕاڕایی زەریا و

ئینجانەیەک لەخەونە ئێکسپایەرەکانی

سەحراشتان پێ بڕا

ها ئەمەش کاسکێتەکەی باپیرت

ئەوەش وێنەکەی بە جلکی ( ئەدمیراڵ) ییەوە!

 

 

تێبینیی:

شیعرێکی کۆپی کراوی زۆر کۆنی یوسف لە ئارشیفەکەی ( ئیبراهیم )دا، کە بەخەتی سانسکریتیی نووسراوە و تەنها ئەم چەند دێڕەیم بۆ ساخبۆوە. پێدەچێ ناوبراو ئەم شیعرەی کۆپی کردبێ و ئۆرگیناڵەکەی بۆ (یەعقوب) ناردبێ!

 

 

 

کە تەیرەکان وەرین

دایکم بە یەکجاریی لە ئاوێنەکان هاتە دەرێ و

پەیژەکەی هێنایە ژوورەوە

ئیتر حاشا لەژنە هیندییەکانی هاوڕێی

ئیتر حاشا لەتەرزە بارینی ناو میترۆکانی

ڕەقهەڵاتن

ئیتر حاشا لەئێوارانی ئاوساوی چاوەڕوانیی

ئەو لە وەرزێکدا لەقسە کەوت

کە پرچی هێشتا مرواریی لێ دەچۆڕا

ئەو لە زەمەنێکدا دیارنەما

کە عیشق بۆسەیەک بوو

بۆ ماڵیی کردنی سەفەر نرایەوە

ئەو لە ڕۆژێکدا مەحف بوو

کە عومر بە ئەمانەت

ئێمەی دایە دەستی پیربوون

ئەو لەسەدەیەکدا لە پێ کەوت

کە خودا بێدەنگ مرد و

بولبوولەکان بە ئاسمانە بوونە بەرد

ئەو لە شەوێکدا دیارنەما

کە ئێوە تازە خۆتان دەکردەوە

بە ماڵدا!

ئیتر

    لەو

        شە ... وە ...

                   ( شیعرەکەی یوسف تا ئێرە بوو )  

 

 

چۆنیت برادەر

لێرەوە بە زەریادا

دەتانبەمەوە سەر یەکەمین دڵۆپە ئاو

بە سەحرادا

دەتانبەمەوە سەر جێپێکانی سەراب

دەتانبەمەوە بۆ بەر ئاگردانەکانی لم

بۆ ناو ماڵۆچکەکانی کوفر

بەم شەڕانەدا

دەتانبەمەوە سەر یەکەمین دڵۆپە خوێن

لەوێ لە ڕوخساری کەللەسەرە خۆشبەختەکانا

شوێنپێی پڵنگە یاخییەکان بناسنەوە

شوێن باڵی فڕینی شەهێنەکان هەڵگرن

تەلەفیزۆنەکە بکوژێننەوە

با وێنەیەک بگرین بۆ یادگار

چرکەیەکە و ...

 تەواو!

ها ... ئەمە ڕەسمەکان

ئەمەش ئەشیعەکان

زۆر بەداخەوە

ئێوە بەشێرپەنجەی زەریا ئاڵوودەن

چ ناوەخت شەو داهات برادەران!

کوێڕا دەستی چکۆڵانەی عەشق

بە ئاگری وەهما چزا؟

بەڵام هەر دەبوو

مناڵە مەنگۆلییەکانی گەڕەک

تەیرە مردووەکانی حەوشی مزگەوت

کۆکەنەوە

هەر دەبوو تۆ دەرکی حەوشە بکەیتەوە

تا باڵات لەودیو

پروشەی ڕاکردنی ئێوارانەوە ببینم و

بە فڕینی تەیرەکانا بتناسمەوە

تۆ هەر دەبوو لەگەڵ پیاوێکدا

شان بدەیتە بەر پیاسەی بێهودەی

ناو ژوورەکان

کە تازەکیی

لە سەفەرە سەهۆڵیییەکانی زەمهەریر

گەڕابۆوە

تۆ هەر دەبوو بە پیاوێک تووش بیت

کە دەستێکی بە پەلی زەریاوە و

دەستەکەی تری

بە داوێنی فڕینی تەیرەکانەوە بێ

هەر دەبوو تۆ دەرکی حەوشە بکەیتەوە

تا باڵات لەودیو تەمتومانی

زستانە تازیەبارەکانەوە ببینم

تۆ هەر دەبوو لەپیاوێکەوە بەم گەمەیە

ئاڵوودە بیت

کە دڵێکی لای سوێندی

نەوڕەسە خەتابارەکانی دۆزەخ و

دڵێکی تری لای جادووی

چوار ڕا پێچاوپێچەکانی گومان

چۆنیت کوڕم

ها ... ئەمە

نامە و وێنەکان

شەو چەند درێژە برادەران!

 

 

 

تێبینیی:

چوکلێتە نامەیەکی ( یەعقوب ) کە لەکاتی پێشمەرگایەتییدا بۆ هاوڕێکانی ناردبۆوە و دوای ڕاپەڕین برازایەکی خۆی بە ڕێکەوت لە ناو ئەشیاکانی (یوسف) دا دۆزیبوویەوە.

 

 

 

دڵنیابن لە ئەمنییەتی باڵەخانەکانی شیعر

لە بانیژەکانی تەماشا

لەو پێپلیکانانەی سەردەکەونە سەر

ئاسمانە نزمەکانی نووستن و

دادەبەزنە نێو ژێر زەمینەکانی ڕووتبوونەوە

من تا نزیکی شار

لەگەڵ باڵی فڕینتانا دێم

تا ئەوێ بەڕێتان دەکەم

بەڵام دڵنیابن سبەینێ

نانەکان هەر گەرم و

پرتەقاڵەکانیش پۆشتە و پەرداخ

عارەبانچییە پیرەکە

بە خەتێکی ناشیرین لە عارەبانەکەی نووسیوە

بەلێو دەخورێ ژیان!

 

 

 

 

 لافیتەکان هەڵواسن

 با لەژێر سێبەری سیمورغەکانا

وێنەیەک بگرین بۆ مێژوو

دڵنیابن لەوێوە تا ئێرە

ڕێگە شەش پاڵووییەکانی یەقین

قیرتاو و

ڕاڕەوەکانی گومانییش هێمن و بێ قڕە

ئیدی تەیرەکان

ناوەخت خۆیان ناکێشن

بە پەنجەرەی نوستووی

ژوورەکاندا و

ئینجانەکانیش تەرە نابن

بەڵام من تا ئەو نزیکانە

لەگەڵتان دێم

بە ڕۆشناییدا

دەتانبەمەوە سەر یەکەمین چرا

بە پێکراندا

دەتانبەمەوە سەر یەکەمین برین

بە عیشقدا

دەتانبەمەوە سەر هەزەلیترین دۆڕان

لەوێوە ... خۆمان و سێبەرەکانمان

بۆ پیاسه‌ی نیوەشەوانی

بیابان دێینەوە

لەوێ .. ئامێزی سەراب واڵایە

بۆ مومارەسەکردنی بێهودەیی

بۆ شتنی سەروقژی ئاڵۆزکاوی گەڕانەوە

بە ملدا

لەوێ دەتوانن فڕین ماچکەن

لەژێر سێبەری بیاباندا بنوون

لەوێ

تەنها دوو باڵ

لە خوداوە دوورن!

 

 

دوا تێبینیی و ئاگادارییەک:

 

جامی وێنەیەکی( ئیبراهیم ) ئەو کاتەی تازە کرابووە

ئادمیراڵ

 

 

تاوێکی تر دەڕۆم

بازگەکانی قوڵایی بەسەر دەکەمەوە

ستراتیژی بیابان ناخوازێ

لەژێر سێبەرەکەی خۆتا پشوو بدەیت

گەر وابکەیت ... هەڵەیت

دەبیتە بەشێک لەو

هەناسە لەگەرووتا دەبێتە لم

گۆرانی لەزارتدا دەبێتە زیخ

بەڵام خۆ هەر دەبێ

جێباڵی فڕینێک جێ بمێنێ

بۆ تاوانبارکردنی تەیرەکان

هەر دەبێ جێپێی هەڵزنینێک

جێ بمێنێ

بۆ ڕاپێچکردنی لاولاو بەرەو نادیار

هەر دەبێ

شوێن سێبەری عاشقێک جێ بمێنێ

بۆ بە ڕەسمی ناسینی باغچە

وەک تاوانبارێکی خەتەر

هەر دەبێ

جێدەنگی جریوەیەک جێ بمێنێ

بۆ مۆمیاکردنی دارستان

هەر دەبێ جێبۆنی گوڵێک جێ بمێنێ

بۆ سووتاندنی ئارشیفی هەنگەکان!

 

ڕۆژنامەکە دانێن

با لە چەقی زەریادا

وێنەیەک بگرین بۆ یادگار

چرکەیەکە و ... تەواو

ها ئەمە وێنەکان

ئەمەش وێنەکەی باپیرت

بەر لەوەی بە یەکجاریی

لە بیاباندا ڕەقبێتەوە

ئەوانەش تەیرەکانن لەئەشیعەکانا

هەڵدەفڕن

ئاخر ئەو تەیرانە

بێ خەبەر لە پەیڕەو و پرۆگرامی

وەرزەکان

پێچەوانەوەی ئاراستەی مردن

فڕین

ئەو پەندە جوانەیان بیر چووبۆوە

کە دەخوازێ

لە کاتی پێکرانا

سێو بخۆیت و گۆرانیی بڵێیت

ئەوانە نەیانزانی

کە لۆژیکی لاکێشەی کاتژمێرەکان

بە درۆ ناخرێتەوە

هەر بۆیە بە دوعایەک

بە ئاسمانەوە بوونە بەرد

ئیدی دوای ئەوە

عومر نزایەک نەبوو

مورازی کچانی قەیرەی ناو باڵکۆنەکانی

تێدا حاسڵ بێت

ئیدی لەوە بەدووا

نەدەکرا شوێنی هەموومان

لە ئاوێنەکاندا بێتەوە

لەوە بەدووا

نەدەکرا هەموومان بڕۆین

شوێن باڵی خۆکوشتنەکان هەڵگرین

نەدەکرا هەموومان بە زەریادا

بچینەوە سەر یەکەمین دڵۆپە ئاو

بە باخچەدا بچینەوە سەر یەکەمین یاریی

بە بیاباندا بچینەوە سەر یەکەمین سەراب

بە مردندا بچینەوە سەر یەکەمین چۆڕاوگە

بە فڕیندا بچینەوە ناو قەفەسەکان

بە جێپێکانی خودادا

بچینەوە سەر یەکەمین سەربڕین

بەڵام هەر دەبوو تۆ دەرگاکە بکەیتەوە

تا بە فڕینی تەیرەکاندا بتناسمەوە

هەر دەبوو منیش بەو قڵافەتەوە

خۆم بکەمەوە بە ماڵدا

تا بە سەری بڕاوی ئیسماعیلدا

بمناسییەوە

تازە ئیدی هەر دەبوو تۆ

بە دوای فڕینی تەیرەکانەوە بیت

دەبوو تۆ سەرەداوی ئەو قسانە بدۆزیتەوە

کە ئێمە نەمانگوتن و

دواجار بەسەر کەروێشکەخەوی ئێمەدا

بازیاندا

ئیدی دەبێ تا ماویت

خۆت بۆ خەونی سیمورغەکان بنێیتەوە

ئەو سیمورغە عەجولانەی

بە ئەنقەست خۆیان کوشت

تا ناچارمانکەن

ئێوارەیەک بکەوینە سۆراغی تەرمەکانیان

ئەو سیمورغە پیرانەی

تا سەر ئێسک بەدگومان بوون

لە نەزاهەتی ڕاوچییەکانی ڕۆژی تەنگانە و

قەسابە ئاقڵەکانی مێژوو!

 

 

لە شەمەندەفەرەکان دابەزن

با ڕەسمێک بگرین

بۆ ئارشیف

لە وێنەکەدا هیچ مەڵێ

وەک ئەو کاتەی

دەرگای حەوشە کرایەوە و

بە فڕینی تەیرەکانا یەکترمان ناسیییەوە

هیچ مەڵێ

وەک ئەوکاتەی خۆم و خۆت و

دەنگی فڕین

بە لێواری بارینەوە ماینەوە

بێدەنگ ... هیچ مەڵێ

وەک ئەو کاتەی لەدڵی خۆتا گوتت

خۆشم دەوێی

ئیدی منیش

چۆڕ چۆڕ لەخۆم ڕژام

بێدەنگ ... هیچ مەڵێ

وەک ئەو کاتەی

لە وێنەکەدا پیاسەمان دەکرد و

لە دڵی خۆماندا

قاقا پێدەکەنین

بێهوودە بۆ یەکتر دەگەڕاین

بێهوودە بۆ یەکتر دەدواین

بێهوودە سێبەرەکانمان

لەگەڵ سێبەری تەیرەکاندا دەگۆڕییەوە

بێدەنگ ... هیچ مەڵێ

وەک ئەو کاتەی لەناو ئەشیعەکانا

بە ڕووتیی بەجێماین

بێدەنگ ...

ب

  ێ

      د

         ە

            ن

                گ!

ها ئەمە وێنەکان

ئەمەش نامەکان

ئەوەش ئەشیعەکان

چرکەیەکە و

          هەموو شتێک

                         تەواو!

 

 

                                                                                      سلێمانی

 کۆتایی 1995