نه‌ختێک ئاسمان و که‌مێک دره‌خت....!

 تابلۆی دارا ئارام


 

  لە ڕۆژێکی ئاساییدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکی ئاشنادا

بە ئاسمانێکەوە دەگەڕێمەوە شەڵاڵ لە تەیر و

بە باغێکەوە چنراو بە پەپوولە و

بە دارستانێکەوە تەنراو بە حەکایەتی هەمەجیی

لە ڕۆژێکی ئاساییدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکی تەمبەڵدا

بەیانییەکی پیر

لە بەیانییەکی خاووخلیچکدا دەگەڕێمەوە و

لە بەیانیی نووسینی یەکەم شیعر

لە ڕۆژێکدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکی ئاسایی

لە یەکەمین بەیانیی چوون بۆ قوتابخانە و

بەیانیی خۆکردن بە هۆڵی یەکەمین تاقیکردنەوەدا و

لە یەکەمین بەیانیانی عاشق بوون

لە ڕۆژێکی خۆشدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکی هەتاودا

لە یەکەمین بەیانی زویربوون و یەکەمین بەیانی سەرسام بوون

لە یەکەمین بەیانی زمان تەتەڵە کردن و 

لە یەکەمین بەیانی شکست هێنان و دەرنەچوون

لە بەیانییەکدا دەگەڕێمەوە ... لە بەیانیی خەنیی بوون

بەیانیی سەربانە و سەربان فڕین و

خۆ کردن بە شەکرە خەونی شارێک پەپوولەدا

لە بەیانیی شوێنپێ هەڵگرتنی پەڕێک تا ئەوسەری بوون

لە بەیانییەکدا دەگەڕێمەوە

بەیانیی نوشتانەوە بۆ عەرد و

هەڵگرتنەوەی بەردێکی تەڕ و

سڵاو کردن لە کرمێکی خەواڵوو

لە ڕۆژێکی خۆشدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانیی ... بەیانیی باش کردن لە دونیا

لە بەیانیی کردنەوەی یەکەم دەرگا

لە بەیانیی یەکەمین باوێشکدان و

بەیانیی کڕینی یەکەم سەمون و

لە یەکەمین بەیانیانی سەرسام بوون

لە بەیانییەکدا دەگەڕێمەوە 

لە بەیانیی تا سەر ئێسک تەڕ بوون

لە بەیانیی تا قوڵایی ڕۆح هۆگر بوون

لە بەیانیی خواردنەوەی چایەکی شیرین و

خۆ سپاردن بە ڕیتمی دڵ

خۆ سپاردن بە هارمۆنیای گەردوون

بەیانیی کۆک کردنی ژێی عاتیفە

لەسەر لەرەی دەنگی کوکوختی 

لەسەر وژەی باڵی عیشق

بەیانیی میقات کردنی کاتژمێر

لەسەر چرکە ئەبەدییەکانی شیعر و

لەسەر دەقیقە پەشمەکییەکانی

هەمیشە هەر بە مناڵیی مانەوە و

گەورە نەبوون

لە ڕۆژێکی ئاشنادا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکدا شەڵاڵ لە یەکەمین بینین

تەڕ بە یەکەمین تام و بەیەکەمین بۆن و

بە یەکەمین ناونان و

پڕ لە یەکەمین دەستدان لە شت

بەیانیی بینینی چۆلەکە بۆ یەکەمین جار

بەیانیی کردنەوەی پەنجەرە بۆ یەکەمین جار

بەیانیی هەڵمژتنی بۆنی ژیان بۆ یەکەم جار

بەیانیی لەباوەش گرتنی منداڵ بۆ یەکەم جار

بەیانیی جوینی بنێشتی سەهم بۆ یەکەم جار

بەیانیی تەوقە کردن بۆ یەکەم جار

بەیانیی ڕەوانە کردنی نامە بۆ یەکەم جار

بەیانیی سواربوونی پاس بۆ یەکەم جار

بەیانیی هەڵقوڕاندنی پەرداخێک ئاوی سارد بۆ یەکەم جار

بەیانیی خۆ بینین لە ئاوێنەدا بۆ یەکەم جار

لە ڕۆژێکدا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکی ئاسایی

 بەیانیی سەندنەوەی سڵاوی دوو دڵانەی هاوڕێیەک

لەمدیو جامخانەی تەڵخی سەرتاشێکی دڵ تەڕەوە

بەیانیی تێپەڕین بەلای نانەوایەکی کونجدا

بەیانیی بازدان بەسەر جۆگەیەکی به‌ هوروژمدا

بەیانیی هەڵگرتنەوەی گوڵە یەخەیەک لەسەر شۆستە

بەیانیی هەست کردن بە گەرمایی دەستی کوێرێک

بەیانیی بیستنی ترپەی دڵی سێوێک

بەیانیی ڕاوەستان لەبەر هەتاو لەگەڵ تەنیایی

بەیانیی شەڵاڵ بوون لە ئارەقە و

دامەزراندنی سەری قسە

بەیانیی ژێوان بوونەوە و

هەڵدانی کۆلارە بزێوەکانی مناڵیی

 

 

لە ڕۆژێکی هەتاودا دەگەڕێمەوە

لە بەیانییەکدا لێوڕێژ لە دوودڵیی

لێو ڕێژ لە وەسوەسە و خەیاڵ

لێواولێو لە هەڵکردنەوەی با ی سەفەر و

تووش بوونەوە بە پەتای جێگە بە خۆ نەگرتن و

هەمدیس دانەوە لە شەقەی باڵ

لە بەیانییەکدا دەگەڕێمەوە

بەیانیی ترس

بەیانیی بە جیددی وەرگرتنی مانشێتی ناقۆڵای ڕۆژنامەیەک

بەیانیی تەسلیم بوون بە هەڵەی ئیملایی ژیان

بەیانیی سیوابوونەوە لەگەڵ قسەی دووبارە

لەگەڵ شەڕی دووبارە

لەگەڵ پیاوی دووبارە

بەیانیی داگیرکردن

بەیانیی وێران بوون

بەیانیی گەلەکۆمەی بوغز

بەیانیی تەنگەنەفەس بوون 

بەیانیی بیابان و

بەیانیی شەلەشەل ڕەوکردن

لە بەیانییەکدا دەگەڕێمەوە ... ئەفسووس

بەیانیی وەرینی باڵەکانی فڕین و

بەیانیی گەمارۆدران بە مردن!

 

                                                         

 

 

                             گۆتینبێرگ

                                                                 سەرەتای 2005