منداڵێک کە لەوێ هاتەوە وایگوت

 فۆتۆ. جه‌مال پێنجونی 

 

 ئەنفال لە ڕێی چوونە ژوواندا ڕایگرتین

گیرفانەکانمان گەڕا، نامەکانی دڕاند، وێنەکانی سووتاند

گۆرانییەکانی لەسەر دەنگمان کڵۆمدا

ئەنفال بەیانیی باشی قوتابخانه‌ و

ئێوارەباشی گەڕەک و

شەوباشی ماڵە لۆکەییەکانی دزی

ئەنفال ناوەخت خۆی کرد بەژووردا

ئێمە نانمان دەخوارد

خوانێک لەخۆشەویستیی کۆیکردبووینەوە

ئێوارانێک لەدڵنیایی خۆی هەڵدەسوو

لەبرینەکانی دوێنێ

شەوانێک لەمیهر لەودیو پەنجەرەکانەوە

فیکەیان دەکێشا

ناکاو .. چراکان کوژانەوە

ئێوارە دای لەشەقەی باڵ و فڕی

شەو زریکاندیی و

خۆر دواماڵئاوایی لە سنەوبەرە سەوزەکانی

بنار گوند کرد

وای ئەنفال ... داری بەسەر بەرد و

مناڵی بەسەر گڕوگاڵ و

درەختی بەسەر جریوە و

ئاسمانی بەسەر ئەستێرە و

گوندی بەسەر شاخ و

ڕووباری بەسەر هاژەوە نەهێشت

وای ئەنفال .. درەختەکانی فریودا

خۆی بۆ ڕاوکردنی مانگ نایەوە

هەنگەکانی ژەهرخوارد کرد

ڕێوبانەکانی بەمین کێڵا

دەستی نایە بینی گوڵەگەنم

ئەنفال گوتی: چ نییە مناڵینە

سەفەرێکەو دێنەوە

ئەنفال گوتی: دەچین بۆ سەیران

هەر بە ڕێگەوە دوو گوندی بەسەوزی داکرماند

هەر بەڕێگەوە نامەکانی سوتاند

سڵاوی لە لێوی مناڵان هەڵپچوورقاند

ئەنفال درۆی کرد ... سەیران نەبوو

تاریکستان بوو ... تاریکستان

سەدو هەشتاو دوو هەزار نیگا

هیچمان ئەویترمان نەدەدی

بەڵام گوێمان لەترپەی دڵی یەکتر بوو

ئەنفال هەموومانی دەدی و

کەچی ترپەی دڵی هیچ کاممانی نەدەبیست

ئەنفال چاوی بە پەڕۆیەکی ڕەش بەستین

بە بزەیەکی گاڵتەجاڕییانەوە گوتی:

مناڵینە چ دەبینن؟

گوتمان: هیچ ... جگە لە تاریکستان هیچ!

ئەنفال ئاسمانی لەسەر داخستین

ئەرزی لەژێر پێمان پێچایەوە

ئەنفال جیایکردینەوە ... ڕیزیکردین

گوتی: دەستتان بگرنەوە مناڵیینە

بەدارحەیزەرانێک سەدو هەشتاو دوو هەزار داری

لە دەستی هەریەکەمان سرەواند

پەنجەکانمان وەرین

ئەنفال چاوو هەناسەمانی پڕکرد لەخۆڵ

داری بەسەر بەرد و

هیچی بەسەر هیچەوە نەهێشت

ئەنفال گوتی: مناڵیینە سەیرکەن ... چ دەبینن؟

گوتمان: هیچ ... جگە لە سەحرا هیچ!

ئەنفال درۆی کرد ... جگە لەسەحرا هیچمان نەدی

تەنها گوێمان لەترپەی دڵی خۆمان بوو

کە مردین!

  

  سلێمانی

 کۆتایی 1995