|
ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان به‌یانیت باش ...!
|
|
به‌یانیت باش ئه‌ی نیشتمان به‌یانی حه‌کایه‌تێکی نوێت باش به‌یانی دڵه‌خورپه‌یه‌کی تر … ئه‌ی نیشتمان ئه‌ی نیشتمان … ئێواره‌ی ئومێدێکی ترت باش به‌یانی ژانێکی تر … ئه‌ی نیشتمان ئه‌ی نیشتمان ئێواره‌ی له‌دایکبوونێکی ترت باش به‌یانیت باش … ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ به حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان به‌یانیت باش …! به‌یانی نالیت باش … ئه‌ی نیشتمانی خاکوخۆڵ به یادی بادی خۆش مرور و تۆزی ڕێگه‌که‌ی به یادی دیوان و چرای کزی شه‌وانی حوجره‌که‌ی به‌یانیت باش ئه‌ی په‌یکی شاره‌زا به یادی ئه‌و ده‌مه‌ی که گاهێ ده‌بی به ڕه‌وح و ده‌که‌یت باوه‌شێنی دڵ گاهێ ده‌بی به ده‌م، ده‌ده‌مێنی ده‌می غروور به‌یادی ئه‌و وه‌خته‌ی مه‌یلێ ده‌که‌ی له سه‌بزه دره‌ختانی مه‌دره‌سه تا بزانی ئاخۆ ئه‌وراقیان موقه‌دیمه‌یی شینه یانه سوور به‌یانیت باش ئه‌ی په‌یکی پیر که چاوێ ده‌که‌یت له حه‌وزی پڕ که نائیبی دیده‌ی نالییه له‌وێ تا بزانی لێڵاوی دانه‌هاتووه وه‌ک سه‌یلی شیوه‌سوور به‌یانیت باش ئه‌ی په‌یکی غه‌مگین که ده‌گه‌یت و واسیڵ ده‌که‌یت عه‌بیری سه‌لامی به حوجره‌که‌ی سه‌راسیمه ده‌گه‌ڕێی … تا بزانی چی ماوه چی نه‌ماوه له هه‌یوان و تاق و ژوور ده‌گه‌ڕێی و ده‌پرسی ئاخۆ ئه‌و غاری یاره ئێسته پڕ ئه‌غیاره یانه خۆ هه‌ر غاری یاره یا بووه‌ته غاری مارو موور به‌یانیت باش … ئه‌ی شاریحی ده‌ردی غوربه‌ت و سۆزی هیجره‌ت که خه‌ریکه دڵ بێ به ئاو و به چاوانمانا بکا عوبوور به‌یانیت باش ...ئه‌ی په‌یکی شاره‌زا وه‌ی بادی خۆش مرور که به خوفییه حاڵی ده‌که‌ی یاری سه‌نگ دڵ نالی له شه‌وقی ئه‌وانه ده‌نێرێ سه‌لامی دوور
به‌یانیت باش نیشتمان ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان به‌یانی ده‌نگپژانت باش ...! به‌یانی ڕۆژێکی ترت باش که چاو ده‌که‌یته‌وه و گوێت له هه‌ناسه‌ی خۆته جیاواز له هه‌ناسه‌دانی ڕۆژانی تر گوێت له ده‌نگی لێدانی دڵی خۆته جیاواز له ڕیتمی دڵه‌خورپه‌ی ڕۆژانی تر له‌هه‌ر چوارلاوه ته‌په‌ی پێ و وژه‌ی باڵی خۆت ده‌بییه‌یت و به پۆله باڵنده‌کانته‌وه دادێیته‌وه و لا ده‌ده‌یت له‌به‌رده‌م سنووقه‌کانی جریوه‌دان به سه‌رو ڕوخساره ئه‌نفالییه‌که‌ته‌وه ده‌نیشییه‌وه و به چاوه هه‌ڵوژه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کانته‌وه خۆت له ئاوێنه‌ی ده‌نگی خۆتا ده‌بینیت ... له کات و سه‌رده‌م و سووڕانه‌وه‌ی جودا جودای ڕه‌وڕه‌وه‌ی زه‌مه‌ندا خۆت ده‌بینیت گاهێ کزه‌ڵه و ڕه‌نگبرده‌ڵه و ئاویلکه ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشتوویت له‌نێو داروپه‌دووی کۆتره‌کانتا گاهێ زیت و گورج ... دێی و ده‌چی له به‌یانییه‌کانی سه‌رفرازی و به‌رخۆدان خۆت ده‌بینیت ... گاهێ لێره و خۆت ده‌بینیت گاهێ له‌وێ خۆت ده‌بینیت گاهێ هه‌ڵکورماو به‌دیار ته‌رمی خۆته‌وه شه‌ڵاڵ له خوێن و غه‌م و باران گاهێ خۆئاڵاو له گه‌رده‌لوولێک ته‌یری سپییه‌وه، ده‌فڕیت وه‌کو خه‌ون به‌رز به‌رز ئینجا به‌رده‌بیته‌وه بۆ نێو کۆشی ئه‌ستێران سه‌ر هه‌ڵده‌بڕیت و خۆت ده‌بینیت به‌و تاقه‌وه بوویته‌ته شیره‌ڕێیه‌ک له په‌لکه‌جریوه و له ڕیزێکی درێژ گوڵدان به‌یانیت باش ئه‌ی نیشتمان ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان بیرته که هه‌ژده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بووکی ئازادیت لێ ماره کرا زوربه‌مان له‌وێ بووین له‌لای تۆ له شاییه‌که‌تا چ جلکی جوانمان پۆشی و بۆ یه‌که‌مجار له ژیانماندا له گێژه‌نی چ سه‌مایه‌کی پیرۆزه‌وه ئاڵاین؟ ئای ... بیرت دێ ... ئێمه له‌و رۆژه‌دا چ دڵمان خۆش و چ هه‌را هه‌رامان کرد و له خۆشییدا چه‌نده گریاین؟ رۆژانێک له شادمانییدا هه‌ر له ده‌ره‌وه ده‌بووین و نه‌ده‌چووینه‌وه بۆ ماڵ به کۆڵان و جادده‌کانتا ده‌گه‌ڕاین و ڕامان ده‌کرد ده‌تگوت به شه‌واره‌ی نوور که‌وتووین ... نه‌مانده‌زانی چی له‌و هه‌موو ڕووناکییه بکه‌ین و له‌ژێر ساباتی کا‌مه شادمانییدا لابده‌ین و ببینه میوان ئای ... بیرت دێ چۆن وشه به هانامانه‌وه نه‌ده‌هات و خه‌ریک بوو له‌ژێر گوشاری ده‌نگی پۆنخواردووی گه‌رووماندا ده‌تاساین ده‌مانگوت: ناخودای پیر... ئه‌ی جه‌نگاوه‌ری سه‌رسه‌خت له‌نگه‌ر بگره و وه‌ره پشوویه‌کمان له‌لا بده ئیتر ته‌واو ...به‌سه‌رچوون ڕۆژه تاریکه‌کان و شه‌وانی درێژی گینگڵدان ده‌مانگوت: وای ئه‌وه تۆیت که دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه له دیلیی و کوێره‌وه‌ری و مه‌راق بنۆڕه چۆن وه‌ک سیمورغێک له خۆڵه‌مێشی سووتانی خۆتا هه‌ڵده‌سییه‌وه و پڕ ده‌بیته‌وه له فڕین و له مژده و له ژیان به‌یانیت باش .... ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ به حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان به‌یانی ئه‌و کیژ و کوڕانه‌ت باش که ئێستا ته‌مه‌نیان ده‌بێته هه‌ژده شمشاڵ ته‌مه‌نیان ده‌گاته شوێنێک که ئیدی ده‌توانن بده‌نگێن و هه‌ڵبژێرن و بکه‌ونه ژه‌نینی میلۆدی دڵنه‌وازی خۆیان هه‌رچۆنێک بوو ... ئه‌ی داپیره‌ی پێچه‌قێن و سه‌رسه‌خت ئه‌و نه‌وه خێر له‌خۆنه‌دیوه‌ت به هه‌موو خۆشیی و ناخۆشیی، به هه‌موو ئومێد و نائومێدییه‌کانیانه‌وه تا ئێره هێنان ئه‌وه‌ی دڵی شکا، شکا و ئه‌وه‌ی دیارنه‌ما، دیارنه‌ما ئه‌وه‌ی له ئاوه‌کاندا خنکا، خنکا و ئه‌وه‌ی له شه‌ڕه‌کانا پێکرا، پێکرا و ئه‌وه‌شی مایه‌وه به بێوه‌ژنکۆشی و نه‌داریی به کۆڵانه‌کانی برسێتیی و به شه‌ڕی کوڕه گه‌وره‌کانت و به گه‌مارۆکان و به بێزاریی و نائومێدیی و غه‌در و ناعه‌داله‌تییه‌کانا تا ئێره تا به‌رده‌م سنووقه‌کانی ئه‌مجاره‌ی ده‌نگدانت هێنان ده‌ی که‌واته غه‌میان باش و چاویان ڕوون و ئومێدیان به ئاینده‌یه‌کی جوانتر ... شاد ده‌نگپژانت باش ... ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان به‌یانیت باش ...! تۆ ئیتر له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک جه‌وله‌یه‌ک ئاگر له باغ و گه‌نم و ئومێده‌کانت به‌رببێ له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک جه‌وله‌یه‌ک شه‌ڕ خۆی بکا به ماڵدا و زه‌میله خه‌ون و ئینجانه شیعر و به‌رچنه منداڵه‌کانت بۆ خۆی به‌رێت له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک شه‌ڕ له که‌پکی ڕووته‌نی ئاغایه‌کدا قووت بێته‌وه و به سێبه‌ری دزێوییه‌وه بانیژه‌ی ماڵ و به‌ر په‌نجه‌ره‌ی حه‌کایه‌ت و سه‌ر سه‌ربانی حاجی له‌قله‌قه‌کانت لێ بگرێ له‌بری ئه‌وه .... ئه‌ی نیشتمان هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک به باڵنده‌کانته‌وه ده‌چییه به‌ر سنووقه‌کانی جریوه‌دان ده‌نگ ده‌ده‌یت که چۆن ماڵه‌که‌ت نوێ بکه‌یته‌وه ده‌نگ ده‌ده‌یت چ په‌رده‌یه‌ک هه‌ڵبژێریت که له ژووری ڕووه و هه‌تاوت بێت کام ڕه‌نگ هه‌ڵبژێریت که له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی غه‌متدا بێته‌وه و چۆن ژووره‌کانت له جریوه‌دا ببنه چراخان ده‌نگ ده‌ده‌یت که ئینجانه‌کانت له‌سه‌ر کام تاق دانێیت که له‌یه‌ک کاتدا ده‌ستی گه‌رمی خۆر و ده‌ستی فێنکی سێبه‌ر بیانگاتێ و زوو زوو زویر نه‌بن و نه‌ژاکێن و که‌نگێ با بێده‌نگییان بێنێته قسان تۆ له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌ی نیشتمان هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک و ده‌ستت له‌سه‌ر دڵت بێت که ئه‌ی هاوار ... ئه‌وا شه‌ڕ دێ و پۆلێک باڵنده‌ی ترت ژه‌هرخوارد ده‌کا ئه‌وا شه‌ڕ دێ و پۆلێک خه‌ونی ترت قۆڵبه‌ست ده‌کا ئه‌وا شه‌ڕ دێ و به پێوپلی قووڕاوییه‌وه ده‌چێته سه‌ر زگی باغه‌کانت له‌بری ئه‌وه ئه‌ی نیشتمان له‌بری ئه‌وه پڕ ده‌بیت له خه‌ون و له مژده و له خولیا بۆ گه‌نج بوونه‌وه بۆ به‌کرددانی ده‌ستێک جلکی نوێ به قوماشێکی تر و له ڕه‌نگێکی تر و به مۆدێکی تر و لای به‌رگدروویه‌کی سه‌رڕاستتر و کاتناس تر و خاوه‌ن ویژدان پڕ ده‌بیت له خه‌ون بۆ پیاسه به ڕێگایه‌کی جوانتردا پڕ ده‌بیت له ئیراده بۆ فڕین له جێگایه‌کی به‌رزتردا پڕ ده‌بیت له خه‌یاڵ بۆ ڕوانین له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کی کراوه‌تردا ڕووه و ژیان به‌یانیت باش ئه‌ی نیشتمان ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان گره‌وی تۆ له‌م پێشبڕکێی ده‌نگه‌دا ئه‌وه‌یه که ده‌ستت له‌سه‌ر دڵت بێ نه‌با خوێن له باڵی خاڵخاڵۆکه‌یه‌کته‌وه بێت که نه‌با ده‌ستی حاجیله‌یه‌کت له‌جێ بچێت که نه‌با دڵی کۆترێکت بیه‌شێت گره‌وی تۆ له‌م فێستیڤاڵی جریوه‌دانه‌دا ئه‌وه‌یه که دڵنیابیت له‌وه‌ی تۆ هێند ته‌نک بوویته‌ته‌وه هێند برین به جه‌سته‌ته‌وه‌یه هێند دڵت جێگه درز‌و شکانی پێوه‌یه که ئیدی برینێکی تر و شکانێکی تر که ئیدی شه‌ڕێکی تر و غه‌مێکی تر به لاتدا دێنێت و به سه‌ردا هه‌ڵتده‌دێرێته ناو خه‌ره‌ندی هاڕه کردن و تێکشکان به‌یانیت باش ئه‌ی نیشتمان ئه‌ی نیشتمانی شه‌ڵاڵ له حه‌کایه‌ت ئه‌ی حه‌کایه‌تی شه‌ڵاڵ به غه‌می نیشتمان ده‌بێ بزانیت و دڵنیابیت که ده‌رچوونی تۆ له‌م تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌نگپژان و جیاوازی و یه‌کتر قه‌بوڵکردنه‌دا واته گه‌وره‌ترین بردنه‌وه واته جوانترین ڕابوونه‌وه و یانی به‌سوێ ترین هه‌ڵگژان!
ته‌مووزی 2009
|