شینترین تامی بەرسیلە

 تابۆی سه‌دره‌دین ئه‌مین

 

  تا دوا شەڕی ئەو قسانە

لەوێ بووم

تا دوا چۆڕی ئەو خواحافیزیی و

تا دوا تنۆکی ئەو دڵنەوایی و

تا دوا گەڵای

ئەو رەقبوونەوە ناکاوەش

تا بە یەکدادانی دوا دەرگام لەبیرە

کە پەنجەکان لە دەستەکاندا قرتان

کە ماچەکان

تاکوتەرا دیارنەمان

کە چاوەکان بە کۆمەڵ

لە گلێنەی یەکتردا بەجێمان

هەر هێندە و ئیدی

بە کۆمەڵ گەڕامەوە

گەڕەکی پەشمەک فرۆشان

هەر هێندە و بەکۆمەڵ

بوومە یەکێک لەوان

بوومە:

منداڵییەکی تۆخ و

بوومە: نهێنییەکی مزر

دەمتوانی

بە چاولێکنانیشەوە

لە خەتەرناکترین (سپیی) بدوێم

لە زوڵاڵترین شکست

دەمتوانی خەفەتبار

باسی موئامەرە پێکەنیناوییەکانی

شەرم بکەم

باسی خۆسووتاندنی ئاو

باسی:

تەریقبوونەوەی پیریی

باسی:

کورسییەکانی دوواوەی ئاهەنگێک

کە باوەشێک منداڵ

لەسەر هەریەکەیان دانیشتوون و

هەر خەریکی:

پەشیمانبوونەوە و

هەر خەریکی:

ڕەسمکردنی (دووریی) ن

لەدڵی خۆدا گوتم:

نهێنییەک شک دەبەم

کە هاتمەوە پێتان دەڵێم

لەدڵی خۆدا دەمزانی:

کە ئەم بەفرانەی ئاوها

بێ منەت

        خەمسارد

                   بێ باک

لەو کتێبی پرتەقاڵانەدا ڕاکشاون

بە ورد و درشتەوە

بە کوڕ و کچەوە

سەردەمانێکی زوو

قسەیەک بوون

لەخۆوە کراون

بەڵێنێک بوون

لەتاریکییدا بەیەکتر دراون

هەنگاوێک بوون

لە سێبەردا

بەرەو لای یەکتر نراون

خەونێک بوون

لە ئاودا

لەسەر لم هەڵچنراون

دەمزانی ... دەمزانی

خەتای کردنەوەی ناکاوی دەرگاکانە

کە ئەو خوێنە

ئاوها فیچقەی کرد

خەتای ترازاندنی قۆپچەیەک بووە

خەتای هەڵپچڕینی نامەیەک

خەتای قڵپکردنەوەی سوعبەتێک

خەتای هەڵڕشتنی جانتایەک

خەتای تامی شینی بەرسیلەیەک

خەتای داکوتینی گوڵێک

بە نامەیەکی دڵدارییدا

ئەوە بوو ... ئەوە بوو

کە هانیدام شێت بم

کە هانیدام کوتوپڕ

لە شووشەی پەنجەرەکان

بنووسم:

پەپوولە

هانیدام لە خوتوخۆڕایی

لە مەکتەبێک تەنیایی بنووسم:

دوو کورسیی و

باخێکی منداڵکارەی

دارشەق بەدەست

لە نێوانیاندا

ئەوە بوو ... ئەوە بوو

فێریکردم:

لە خەفەتا لە دەرکی حەوشەی

ماڵی ئێوە بنووسم:

ڕیزێکی درێژ مراوی بۆیمباخ رەش و

بەیەکدادانی دەرگای مزگەوتێک و

شۆڕشێک

کێل و عەلەم

بەڕاستمە ... بەڕاستمە

ئیتر خواحافیز

دەچمە شەڕ

بە ئیجازەی تۆ ئەی درەخت

تا ئەوێ

بەرچنەیەک لە خشەی

کەوتنەخوارەوەی گەڵاکانت دەبەم

بە ئیجازەی تۆ ئەی پاییز

تا ئەوێ

شارێک لە بووکەشووشەکانت

دەبەم

بە ئیجازەی تۆ ئەی مناڵیی

تا ئەوێ باوەشێک

لە هاروهاجییەکانت دەبەم

بەڕاستمە ... بەڕاستمە

ئیتر خواحافیز

دەچمە شەڕ

تا ئەوێ

خوێنێک لەسەر برژانگم

دەنیشێ

نەرمە وەک خۆر

خۆرێک دێتە بەیانیمەوە

سرکە وەک با

(با) یەک خۆی دەکا

بە پەنجە تووتەی ئێوارانمدا

سپییە وەک شیر

ئەی گەڕانەوە .. خواحافیز

من ئیتر دەچمە یاریی

تکایە ... تکایە

فریوم مەدە بە ئاگر

فریوم مەدە بە وەتەن

فریوم مەدە بە هیچ

تازە من ئیتر

دەچمە خوێن

کە دەڕۆم

لەبری ئەوەی بڵێم:

" ببوورە

هاوڕێم ببوورە!"

ڕەسمی ئەسپێکی کوژراو

دەکێشم

کە بە بەرزایی فووارە غاردەدا

ڕەسمی شاخوداخێکی

پرتەقاڵیی دەکێشم و

ڕەسمی کوردێک

کە لەژێر سێبەری تەنیاییدا

سیگار دەکێشێ

کە دەڕۆم

لەبری ئەوەی بڵێم:

" تەواو

هاوڕێم تەواو!"

ڕەسمی ژەهر دەکێشم و

ڕەسمی ڕاوچییەکی قەڵەو

کە خەریکە

چاڵ بۆ چۆلەکەیەک هەڵدەکەنێ

یەکەم جارم بوو

کە ئاوها

وژەی لەعنەت لە سپیی و

جیڕەی کارەسات

لە وەنەوشەییدا بژنەوم

یەکەم جارم بوو

کە ئاوها

ڕوو بەڕوو

گڤەی کەوتنەخوارەوە لە سوور و

هاڕەی غەریبیی

لە پەمەییدا ببینم

هەر بۆ دڵنیابوون

بە دەنگی بەرز

خۆم کرد بەناو ئینجانەکاندا و

لە دەفتەرە شه‌ڕه‌ پشیله‌کانی

مناڵییدا کردمە هەرا

هەر بۆ دڵنیابوون

وردتر سەرنجمدا

لە ڕوخساری مەیلەو شینی

بەختەوەریی

کە لەژێر سێبەری قاوەیی

ژنێکی عاجزدا

کۆترەکانی بەرەو ماڵی خەون

هەڵدەفڕاند

کە گمەکانی

لەژێر گوێسوانەی پرچیدا

دەخەواند

تازە من ئیتر دەچمە شەڕ

بەڕاستمە

خواحافیز!

بە کوژراویی ماچمکە

کە وەک ئاوێک دەبمە هەڵم

بە نووستوویی

باوەشم پێداکە

کە وەک بەفرێک لە زاری

مناڵێکدا دەتوێمەوە

بە پیریی

دەست بخه‌رە ژێر باڵم

کە وەک پەپوولەیەکی نەدی و بدیی

لە ماچێک هەنگویندا

دەچەقم

بەڕاستمە ... خواحافیز

لەوێ بە

کە لەژێر باراندا

چۆڕ چۆڕ

دەمرم

خواحافیز ... خواحافیز

بە ڕاستمە

ئیتر من

دە

  چ

     م

       ە

 ش

       ە

           ڕ!  

 

                                                                          سلێمانی

شوباتی 1999