|
پاسەکەی شەمێران گوڵی تهرهقی
|
|
بەرلەوەی بە پاسی ژمارە هەفتادا راگەین، پاسەکە بەڕێدەکەوێ و جێماندێڵێت، کچە چکۆڵەکەم چەند هەنگاوێک بەدوایدا رادەکاو بەرلەوەی بگاتە پێچی جاددەکە، نائومێد دەبێ لەوەی پاسەکە راوەستێ، ئیدی چاوەڕێ دەکەین تا پاسی دوایی هەڵمانگرێت. بەفرێکی ناکاو دەبارێ و هەڵمێکی تەنک لە هەوادا خوول دەخوا، بێدەنگییەکی سازگار جێگەی بە غەڵبەغەڵبی رۆژانەی شار لێژکردووەو هەموو شوێنێک سپیی و ئارام. لەماوەی ئەم هەشت ساڵەدا کە لە پاریس دەژین، ئەمە ئەوەڵین جارە کە بەفر ئاوها تێیکات. دەنگی نەنکم لەگوێمدا دەزرنگێتەوە:'' ئەوە مەلایکەتەکانن کە سەرگەرمی ماڵ پاککردنەوەن، تۆزو خۆڵی سەر هەورەکان گسک دەدەن و فەرشەکانی ئاسمان دەتەکێنن!'' زستانە هەتاوییەکانی تارانم بیر دەکەونەوە، چیا گەردن کەشەکەی ئەلبورز لەژێر ئاسمانێکی رووناکدا، واتەواتی بەفرماڵەکان لەسەربانی ماڵان، دارچنارەکانی ئەوسەری باخ کە وەک پیرێژنی باڵابەرز سپیی دەچوونەوە. لە مناڵییدا کە بەفر دەباریی ئیدی پێنەدەچوو خۆشکاتەوە، شەممە، یەک شەممە، دوو شەممە ... رۆژەکانم دەژماردن، دە سەنتیمەتر، بیست سانتیمەتر، نیو مەتر بەفر لەسەر عەرد دەنیشت و بۆ ماوەی هەفتەیەک دەرگای قوتابخانە دادەخرا. چەند خۆش بوو! خۆشییەک مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێ، یەک هەفتەی رەبەق نووستنی بەیانیان، یەک هەفتەی رەبەق شەڕە تۆپەڵی نێو کۆڵانەکان لەگەڵ هەزارو یەک کوڕە خاڵ و کچە پوور، یەک هەفتەی رەبەق دوور لە چاوی توڕەی خانمی مودیر یان مامۆستای ناڕەسەنی ماتماتیک، نە کردنەوەی کتێبی فیقه و نە نووسینەوەی وەزیفە ... یەک هەفتەی رەبەق دوور لە ئەزبەرکردنی شیعرێکی درێژو قۆڕ، یەک هەفتەی رەبەق دوور لە مەشقی خۆشنووسیی بە قامیش و مەرەکەبی چینیی، رەها لە چەنگاڵی دەرس و قوتابخانە ... حەوت رۆژی رەبەق ئازادیی و یاریی. چەند خۆش بوو ئەو کاتانەی کە میوانمان دەبوو، بەفر رێگەکانی دەگرت، ئەوسا هەموو ئەو میوانانەی کە لەماڵی ئێمە بوون دوو سێ شەو گلدەدرانەوە. میوانە هەمیشەییەکانی ماڵی ئێمە بریتیی بوون لە: داپیرەی باریک و بنێس و میهرەبانم، کە شەوو رۆژ دوعای دەخوێندو بەختیاریی و ساخ و سڵامەتیی و عومرێکی درێژی بۆ ئێمە لەخودا داوا دەکرد. نەنە گیان، پووری دایکم کە گوێی کەڕو هەستەکانی لەکار کەوتبوون، بە هەڵە منی لەگەڵ براکەم و براکەمی لەگەڵ یەکێ لە کوڕە خاڵەکانم و ئەو کوڕە خاڵەشمی لەگەڵ یەکێ لە هاوسێکان و ئەو هاوسێیەشی لەگەڵ مندا لێ تێک دەچوو. پوورە ئازەری نازەنینم بە خۆی و منداڵە هارو هاجەکانییەوە، مناڵەکانی لە راڕەوەکانا یەکەوگۆتەکەیان دەکردو خەراپتر لە مەیموونی کێوی بەزیقە زیق، یان بەدیوارو دەرگاو درەختەکانا هەڵدەزنین، یاخود لەسەر پەیژەکان هەڵدەخلیسکان ودەکەوتنە خوارەوە. خاڵە ئەحمەد خان، میهرەبانترین ددان سازی دونیا، ئەو ددان سازەی کە دڵی نەدەهات ددانی کەس بکێشێت. هەر کە یەکێکمان دەگریا، ئیدی فرمێسک لەچاوانی ئەودا قەتیس دەما. خاڵە گەورە، ئەفسەری تۆپخانەی سوپا کە لە ئەسپ دەترساو زەندەقی لەتۆپ و تفەنگ چووبوو، هەر ئەو رۆژەی کرایە ئەفسەر، جلکەکانی داکەندو بەرکۆشێکی ژنانەی لەنێو قەدییەوە گرێداو ئیدی پێی لەماڵ نەنایە دەر، بۆ خۆی کەوتە دروستکردنی مرەبای بەتام و چنینی بلوسی رەنگاوڕەنگی خوری. دوا کەس، توبا خاتوونی قەڵەوو لەش داهێزراو، چیرۆکی سەیرو سەمەرەی بەڵەدو ئاشنایەتیی لەگەڵ جنۆکەو ئەڕواحدا هەبوو، جادووگەریی دەزانی و جار جارە سیحری بۆ دەکردین.
تا بەفر دەکەوتە تووانەوە، هەموو ئەو خەڵکانە لە ماڵی ئێمە دەمانەوە، منیش شەیدا بە ژووری قەرەباڵخ و لێفەی راخراوو مێزی پڕ لەخۆراکی جۆراوجۆر: هەر لە گۆزەی شەربەت و کاسەی پڕ لە دەنکە هەنارو دەفری لێواو لێو لە شۆربای زەردەوە تا دەگاتە بستەو شیرینیی و گەزی ئەسفەهان و ئەو پاقلاوە بەتامەی کە دایکم دروستی دەکرد. چەند خۆش بوو کاتێک هەزاران بۆنی تاسێنەر لەهەرچوار لای ماڵەکەوە بەرز دەبۆوەو لە داڵانەکاندا بڵاودەبۆوە. بۆنی تووتنی سەبیلەکەی داپیرەو هەڵمی بۆن خۆشی گژوگیا کوڵێنراوەکانی نەنە گیان و عەتری زەعفەرانی سەر برنجی کوڵاو بە دارچینیی و زیرەو گوڵاوو پیازی برژاوو کەبابی نیوە برژاو لەسەر پشکۆی هەڵایساو. چەند حەزم دەکرد بە ورتە ورتی گەورەکان و پێکەنینە کپەکانیان کە لە ژوورەکانی ئەملاولاوە دەهاتە گوێم، خەو لەچاوانم بکەوێت، گوێم رادەدێرا بۆ دەنگی بەسۆزی تارەکەی خاڵە گچکەو لاواندنەوەی ژێر لێوی پوورە ئازەرو شەپەشەپی سۆڵەکانی دایکم لەسەر پێپلیکانەکان، گوێم ڕادەدێراو خەو دەیبردمەوە، نیوەشەو خەبەرم دەبۆوە، دەمبینی هێشتا گەورەکان نەنووستوون و گڵۆپەکانیش هەر داگیرساون، هێشتا موبەق پڕ لە هاتوچۆی خەڵک و لە تەقەتەقی قابلەمەکان بوو، هەمدیس خەوم لێدەکەوتەوە، خەوەکەم سووکتر بوو لە فڕینی کۆلارەیەکی سرک. ئەمشەویش وەک سەردەمی مناڵیی بە تەماشاکردنی بەفر خەنیی و خۆشحاڵم، کچەکەیشم لەوپەڕی جۆش و خرۆشدایە، بەچواردەوری خۆیدا دەخولێتەوەو سەما دەکا، بە دەستە چکۆڵەکانی بەفر تۆپەڵ دەکاو بەملاولای خۆیدا هەڵیدەدا، بەردەوام رادەکاتە ناوەڕاستی جاددەکەو نیگەرانی هاتنی پاسی ژمارە هەفتایە. ئەم نیگەرانییەی ئەو، خورپەی دڵە چکۆڵەکەی مناڵیی خۆمم دەخاتەوە یاد، ئەو وەختەی هەموو ئێوارەیەک دوای بەربوونمان لە مەکتەب، بە نیگەرانیی چاوم لەوپەڕی جاددە دەبڕیی و لە چاوەڕوانیی بینینی کاک عەزیزی هاوڕێمدا دەقیقەم دەژمارد. سەر هەڵدەبڕم، دەم دەکەمەوە تا پروشەی بەفر لەسەر زوبانم بنیشێت، وای ... پروشەی بەفر چ تامێکی خۆش و چ بۆنێکی سازگاری هەیە! وەک ئەوەی هەزاران پەڕی گوڵە یاسەمین لە ئاسمانەوە ببارنە خوار. هەستدەکەم پێم لە عەرد بۆتەوەو لە فەزادا مەلە دەکەم، وەک بڵێی لەنێو بلورێکی چرادا بم و هەناسەیەکی شاراوە، من لە زەمەندا بگەڕێنێتەوە بۆ دوا. سەرنج دەدەم، تەمەنم ( دە ) ساڵانە، لە چوار ڕاکەی نزیک قوتابخانە چاوەڕوانی هاتنی پاسەکەی شەمێرانم. خانووە تازەکەمان لەوپەڕی دونیایە، لەودیو گردۆڵکەکان و لەسەر زەمینە قاقڕەکانا لەو خانووەدا ژیان بەسەر دەبەین، چ خانوویەکی تر لەدەورەبەرمانەوە نییە، هەندێ شەو لوورەی چەقەڵ دێ و دایکم ترس دایدەگرێت، لالۆ حەسەنی ئاشپەزیش هەر دەترسێت، دەترسێ و لە حەژمەتا قەرەوێڵەکەی بۆ راڕەوەکە دەگوێزێتەوەو لەودیو دەرگای ژوورەکەی باوکمەوە دایدەنێ. من ماڵەکەی ناوەڕاستی بیابانم خۆشدەوێ و ناترسم لە ئاوی تانکییە گەورەکەو ناترسم لە ئەستێرکی پڕ لە بۆق و لەسێبەری ئەو درەختانەش ناترسم کە رێک لە خەڵکانێکی چەقاوەسوو دەچن. ناترسم و لەوپەڕی باخەکەدا، لەودیو دارشمشادەکانەوە بە چەرچەفی کۆن ژوورێکی چکۆڵە بۆ خۆم رۆدەنێم، کەس منی بۆ نادۆزرێتەوە، خواردنەکانم لەبن خشتەکان دەنێم و لەترسی دایکم ئەو وەرەقەی ئیمتیحانانە دەخەمە چاڵەوە کە سفرم تێدا وەرگرتوون، دار چنارەکان هاوگەمەی خۆمن، هەر یەک لەو درەختانە ناوێکی خۆیان هەیە، درێژترەکانیان کوڕن، کە لە قوتابخانە دێمەوە، جانتاکەم دادەنێم و بە پەلە خۆم دەگەیەنمە لایان، هەموو ئەو شتانەیان بۆ دەگێڕمەوە کە کردوومن، بە دەنگی بەرز کتێبی فارسییان بۆ دەخوێنمەوە، هەندێکیان دەکەونە باوێشکدان، هەندێکی تریان حەسوودو ناڕەسەنن و گوێم لێناگرن، ئەوانە ماچدەکەم کە لەگەڵم باشن، بنێشتە جووراوەکانم بە گەڵاکانیانەوە دەنووسێنم، ئەوانەش دارکاریی دەکەم کە لە پاشەملە زەمم دەکەن، دارکارییان دەکەم و چڵەکانیان بە گوریس دەبەستمەوە. تا قوتابخانەی ( فەیروز کوهی ) بە پاس زیاتر لە سەعاتە رێیەکە، براکەم لە من گەورەترەو بۆی هەیە بەتاقی تەنیا بێت و بچێت، بەڵام من دەبێ لالۆ حەسەن دەستم بگرێ و بۆم نییە بهبێ مۆڵەتی ئەو یەک هەنگاو بە تەنها بڕۆم، ئەمە ئەمری دایکمە، بەڵام من خۆم چیم پێخۆش بێ ئەوە دەکەم. خۆ گەر لالۆ حەسەن یەک وشە بۆ دایکم بگێڕێتەوە پێستی دەگرووم، لەبەر ئەوەی دەزانم کاتێ کلیلی ئەمبارەکەی سەرهوه بزر بوو، لەنێو بەری چاکەتەکەی ئەودا بوو، دەزانم کاتێ دایکم لەماڵەوە نابێت، بە مشت نیسک و برنج و لۆبیا لە گونێکان دەدزێ و لە توورەکەیان دەنێت، لەوسەری باخەکەو لەپشت ئاودەستەکەوە دەیشارێتەوە تا کاتێ رۆژی مەرەخەسیی هات لەگەڵ خۆیدا بەرێت، لەبەر ئەوەیە کە لالۆ حەسەن ناوێرێ و بۆی نییە هیچ بۆ دایکم بگێڕێتەوە. هەر بۆیە کە نە لەو قسەو نە لە من قسەو ئیدی پاک لە پاکین. سەعات چوار لە مەکتەب بەردەبین، لالۆ حەسەن دەگاتە سەرم و لە چوارڕاکە بۆ پاسەکەی شەمێران رادەوەستین. ئەمڕۆ بەفر دەبارێ، کلووە بەفری هێندەی ژێر پیاڵەیەک، هەموو شوێنێک سپیی سپیی دەچێتەوەو لالۆ حەسەنیش وەک تارماییەکی سڕرراوە لە پاڵ دیوارەکەدا هەڵتروشکاوە، روخساری بە پەڵە هەورێکی تەنک دەچێت، لەو هەورە دەچێ کە من شەوانە لە ئاسمانا دەیبینم و پێموایە خەڵکانێکی هەزار ساڵ لەمەوبەرن، هەندێکیان تاجیان لەسەرو ریشیان درێژو بەسواری ئەسپی تیژڕۆوە غار دەدەن. گەر بونیام بە وردی دیقەت لەناو مانگ بدات، دەبینێ کە مناڵێکی چکۆڵەی تێدا دانیشتووە، هەردوو قاچی هێناوەتەوە یەک و دەگری، من هەرکاتێ ئەو دیمەنە پیشانی برا کەودەنەکەم دەدەم، نایبینێ. دایکم لەو شەوە دەترسێ کە مانگ تیایدا چواردەیەو پێی ناخۆشە لە ئەستێران بنۆڕم. گا لە شینایی ئاسمانەوە هەژدیهایەکی زەبەلاح دەردەپەڕێ و لە (شیرە ڕێ) وە دادەبەزێ، کاتێ کە ئەوە بە لالۆ حەسەن دەڵێم لە حەژمەتا دەقیژێنێ، چمکی لێفەکە لەسەر خۆی لادەباو بە دەنگی بەرز دۆعا دەخوێنێ. پاسەکەی شەمێران دیار نییە، منیش خەنیم و لەناوەڕاستی جاددەکەدا خلیسکخلیسکێنە دەکەم، بە لقە بە قەدی درەختەکاندا دەماڵم تا تۆپەڵێک لە بەفرەکەی سەریانم بەرکەوێ. لالۆ حەسەن جانتاو سەفەرتاسی خواردنەکەمی لەبن هەنگڵ ناوەو لەتاو سەرما هەڵدەلەرزێ، هەڵمێکی بێ گیان لەدەمییەوە دێتە دەرێ. لالۆ حەسەن پێڵاوە کۆنەکانی باوکمی لەپێدایە کە چەند رەقەمێک بەپێی گەورەیە، پێڵاوەکانی لای پاژنەی پێیەوە هێند بەتاڵە کە رێک بەفر دزە دەکاتە ناوییەوە، دەستی لالۆ حەسەن چکۆڵەیەو دەستکێشەکانی دایکمی لەدەست کردوون، جووتێک دەسکێشی تاکەو تاک، تاکێکیان چەرمێکی پەمەیی و ئەویتریشیان موشەبەکێکی رەش. باوکم هەموو شەوانێکی جەژن جواب دەنێرێ چاکەت و کراس و پێڵاوو گۆرەویی و فانیلەو ژێرکراسی تازەمان بۆ بکڕدرێت. لالۆ حەسەن جلکە تازەکانی ناپۆشآ، بەڵکو لە جانتاکەیان دەنآ تا کە هاوین بۆ گوندەکەی گەڕایەوە، لەگەڵ خۆی بەرێ، یاخود دەیانفرۆشێ و پارەکەی لە لوولەی بوخاریی ژوورەکەیدا قایمدەکات. من تەنها کەسێکم کە دەزانم پارەکانی لەوێ حەشار دەدا، بەڵام دەستی بۆ نابەم، سوێند دەخۆم دەستی بۆ نابەم. دەنگی مەکینەی پاسێک لەدورەوە دێت، لالۆ حەسەن لە جێگەکەی رادەپەڕێ و منیش خۆشحاڵ و دردۆنگم بەهاتنی ئەو ژوورە سپییە چکۆڵەیەی کە وەک حاجی لەقلەق نێزیک دەبێتەوە. دیقەتدەدەم، لەدڵی خۆدا دەڵێم: گەر لایتی لێدا سوار دەبم، گەر لێینەدا چاوەڕێ دەکەم تا پاسەکەی دوایی ... سوار نابم تەنانەت ئەگەر لالۆ حەسەن لەسەرمادا رەقهەڵبێ و دایکم لەچاوەڕوانیدا شێتبێ و خۆیشم لەبرسێتیی و شەکەتیدا گیانم دەرچێت! ئەمە نهێنییەکە چ کەس لێی ئاگادار نییە، هیچ کەس، ئەمە نهێنیی نێوان خۆم و کاک عەزیزە، تەنانەت لالۆ حەسەنیش لەو نهێنییە بێ ئاگایەو تێ ناگا بۆچی هەندێ رۆژ سواری پاسەکەی شەمیران نابم (ئاخر ئەو پاسەی لایت لێ نەدا پاسەکەی شەمێران نییە!) رادەکەم و دەکەومە هاوار هاوارو چ حیسابێک بۆ بۆڵە بۆڵەکەی لالۆ حەسەن ناکەم، چەندین جار هەڕەشەی لێکردووم کە بە دایکم دەڵێ، منیش ئیشارەتم بۆ کلیلی ئەمبارەکەی سەرهوه کردووە کە لەنێو بەری چاکەتەکەیدایە، هەربۆیە حەقی بەسەرمەوە نییەو دەستی لێهەڵگرتووم. ئەو پاسەی کە سێ جار لەدوورەوە لایت لێدات ئەوە پاسەکەی کاک عەزیزە. من هەموو شەوانێک وەختی خەو، لەبری ئەو دۆعایەی دایکم فێری کردووم، سێ جاران لەبەر خۆوە دەڵێم:" جگە لە پاسەکەی کاک عەزیز سواری هیچ پاسێکی تر نابم!" ئەمە پەیمانێکە کە تا رۆژی حەشر بە یەکترمان داوە، هەڵبەتە پەیمانێکی بێدەنگ و بەبێ وشە، لەبەر ئەوەی من لەگەڵ ئەو هاوڕێ زەبەلاحەمدا کە لە باوکم کەڵەگەت ترەو حەرەسەکانیش لە بیچم و قیافەتی ترسناکی دەتۆقن قسان ناکەم، ناوێرم قسانی لەگەڵدا بکەم! لایتی ئەو پاسەی کە لە دوورەوە دێت، دادەگیرسێت و دەکوژێتەوە، دڵم وەک فڕفڕۆکە بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، پاسەکە رادەوەستێ و سوار دەبم، لالۆ حەسەن پێش من سەردەکەوێ، کاک عەزیز سەیر دەکاو بە چاوە ئاوساوو سووتەمەرۆکانی وەڵامی سڵاوەکەم دەداتەوە. قژی کاک عەزیز چەورو لوولە، لالۆ حەسەن دەڵێ: ئەم کابرایە دەڵێی قژی نیگرۆی شەش مانگیی کردووە! برۆی کاک عەزیز رەش و سمێڵێکی زل کە هەموو دەمی داپۆشیوە، لە کورسییەکەی پشت کاک عەزیزەوە دادەنیشم، لالۆ حەسەن خۆی بۆ دواوەی پاسەکە دەکوتێ، لەبەر ئەوەی ئەوێ گەرمترە، هێشتا دانەنیشتووە خەوی لێدەکەوێ. موسافیرەکان لەچەند نەفەرێک زیاتر نین و هەر هەمووش خەوەنوچکێیانە. رێی قوتابخانە تا ماڵەوە سەفەرێکە بۆ خۆی، بە تایبەتیش کە زستانان بەفر دەبارێ و ترومبێلە بێ زنجیرەکان لە چەقی جاددەدا دەخزێن و رێگە دەگیرێت. هەندێ رۆژ کاک عەزیز شەکەتەو باوێشکی زل زل دەدا و بۆنی دەمی لەو دەرمانە تیژترە کە دایکم لە برینەکانی سەرئەژنۆمی دەدا، سەرم گێژ دەخواو ریخۆڵەم دەکەوێتە قۆڕە قۆڕ، کاک عەزیز لە ئاوێنەکەوە تەماشام دەکاو دەمخاتە پێکەنین، گوپی پڕ دەکا لە هەوا، لووتی وەردەچەرخێنێ، چاوی قیچ دەکا .... منیش دەستم بە دەممەوە دەگرم تا نەفەرەکان دەنگی پێکەنینەکەم نەژنەون، لە توێی دڵا خەریکم لە پێکەنینا بتەقم. هاوڕێکەم لە دێو دەچێ و مناڵانی چکۆڵە لێی دەترسن، هەموو دەست و سەر سینگی بە خاڵ کوتیوە، لە نزیک گوێیەوە تا ئەوسەری ملی هێڵێکی شینی ئەستوور کێشراوە، وەک ئەوەی کاتی خۆی کەسێک ویستبێتی سەری ببڕێت. دایکم قەتاوقەت سواری پاس نابێ، دایکم شۆفێرو ترومبێلی خۆی هەیە، بەڵام دەزانێ کە دونیا دێوی وەک کاک عەزیزی تێدایە، بۆیە دایمەو دەرەم دڵی لامە، حەز ناکا بە پاس بچم بۆ قوتابخانە، بەڵام ئەوە ئەمری بابمەو کەس بۆی نییە لێی لادا. لالۆ حەسەن لە دوای پاسەکەدا بە چیچکانەوە خەوی لێکەوتووە، کزەیەکی سارد لە شووشەی شکاوی جامەکەوە دێتە ژوورێ و نەفەرەکان خەریکن رەق ببنەوە، کاک عەزیز چاکەتەکەی دادەکەنێ و دەیدا بەسەر کۆشمدا، چاکەتەکەی بۆنێکی ناخۆشی لێدێت، حەز دەکەم نەفەرەکان تەماشام کەن و منیش بە شانازییەوە دەست بە یەخەی چەوری چاکەتەکەیدا بێنم، پەنجەکانم بۆنێکی سەیر دەگرن، بۆنێک کە لە ماڵی ئێمەدا نییە، لە ماڵی خاڵ و پوورەکانیشما نییە، بۆنی سەگ و پشیلەو گاو مەڕیش نییە، بۆنێکە کە لە کونەکانی دونیایەکی نەناسراوەوە دێت، بۆنی هەموو ئەو کارە خەراپانەیە کە نابێ بکرێن و بۆنی هەر هەموو ئەو شتانەیە کە ناکرێ ئەلعان بزانرێن. بۆنی دایکم لە چ بۆنێکی تر ناچێت، بۆنێکە هی عەترو پۆدرەی فەرەنسیی، بۆنێکە لە ژنە ئەکتەرەکانی سینەماو گۆڤارەکانی مۆدو شەقامی لالەزارو هۆڵی سەمای کافیتریای (شەهرەداریی) یەوە دێت، دایکم بۆنی رۆژانی ئایندەی لێدێت، بۆنی سبەینێ و بۆنی هەموو ئەو شتە باشانەی کە لەچاوەڕێی مندان. بەو چاکەتەوەی کە دراوە بەسەر کۆشما بوومەتە مەخڵوقێکی تر، مەخڵوقێک کە چ ناچار نییە پاک و تەمیزو بە ئەدەب و دەرس خوێن و یەکەمی پۆل بێت، چ ناچار نییە قردێلەی فوودراو لە قژی بداو سڵاو لە هەمووان بکاو هەمووان بەخێربێنێت، چ ناچار نییە لە هەموو بۆنەیەکی میواندارییدا، ئەو شیعرە لەبەردەمی غەریبەدا بخوێنێتەوە کە لە مەکتەب فێری بووەو هێشتاکێش بە باشیی ئەزبەری نییە، چ ناچار نییە یەکەمین وانەی فێربوونی پیانۆی، کە جگە لە دووبارەکردنەوەی دۆ رێ می فا سۆڵ لا سی، چ شتێکیتر نییە، بۆ خزم و خوێشی چەنەبازو بێ حەوسەڵە بژەنێ، چ ناچار نییە بەشداری لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی جوانترین مناڵدا بکاو بیباتەوە. بەو چاکەتەی کاک عەزیزەوە لەسەر کۆشم، بوومەتە مەخڵوقێک کوتومت وەکو خۆی، هەستدەکەم تەواوی جەستەم بەخاڵ کوتراوەو نیوەی دگانەکانیشم ئاڵتوونن، خۆم دەبینم بەتاقی تەنێ بەکۆڵانەکاندا دەسووڕێمەوەو وەک کچەتیوەکانی فاتەی جلک شۆر کەوتوومەتە حیلکە حیلک، لە پاشکۆی قۆزترین کوڕی گەڕەکدا، لەسەر ماتۆڕەکەی دادەنیشم و لەگەڵیدا دەڕۆم فیلمی تەڕەزان ببینم. دەگەینە وێستگەی ( ئابشار ). لەوێدا کاک عەزیز پاسەکەی رادەگرێ، زۆربەی نەفەرەکان دادەبەزن تا لە چاخانەکەی سەر رێگە چایەک بخۆنەوە. من و لالۆ حەسەن لە جێگەی خۆمان نابزوێین، کاک عەزیز بەرلەوەی دابەزێت، پاکەتێکی چکۆڵە لە داشبردی پاسەکەی دەردەهێنێ و لەسەر رانم دایدەنێ، لە ئاوێنەکەوە تەماشام دەکاو چاو دادەگرێ، روخساری لێواولێوە لە میهرەبانیی، وەک داهۆڵە پەڕۆیینەیەک پڕە لەهێڵی نەرم، هاوڕێکەم میهرەبانترین دێوی دونیایەو لە دەست و پێیەوە، لەبۆنی سەیری دەمییەوە، لە چاوە سووتەمەرۆکانییەوە، لە چاکەتە چەورو شڕەکەیەوە ... شتێک وەک هەڵمێکی تەنک دێتەدەرێ و گەرمارۆم دەدات، منیش لەو هەڵمە سیحراوییەدا وەک کلووە بەفرێک دەتوێمەوەو هێند بەختەوەر دەبم کە ئیدی دەخوازم هەزاران هەزار ساڵ وەک پەیکەرێکی بەردین لەهەمان شوێن و بەهەمان شێوە بمێنمەوە، نە گەورە بم و نە بشگۆڕێم. ئەمڕۆ کاک عەزیز وشکە ئالباڵووی بۆ کڕیم، لالۆ حەسەن لە دواوەی پاسەکەوە قاوم دەداو دەپرسێ ئەرێ ئەوە چ دەکەم! من خۆمی تێناگەیەنم و خێرا خێرا ئاڵباڵووەکانم دەژمێرم. نەفەرەکان راوەستاون و چا دەخۆنەوە. کاک عەزیز قومێک لە بوتڵە عارەقەکەی هەڵقوڕاند، پاشان چوو تا لەودیو درەختەکانەوە هەڵمیزێت، من سەیری ناکەم، سەردادەخەم و جوان جوان ئاڵباڵووەکان دەجووم، بەڵام لە سەرمدا دەیبینم و گوێچکەم سوور هەڵدەگەڕێت. دەکەوینەوە رێ و تا گۆڕەپانی ( وەنەک ) پاسەکە هێواش هێواش وەکو مێروولە دەڕوا، هەندێ جار بە دوادا دەخلیسکێین، ترومبێلەکانی تریش دەخلیسکێن و لەناوەڕاستی جاددەکەدا لەبەردەم ئێمەدا دەچەقن. تاریک داهاتووەو هەموو دونیا سپیی دەچێتەوە، لالۆ حەسەن دەترسێ و لەدوای پاسەکەدا لێکدا لێکدا بانگم دەکات، دەزانم کە چەند دەقیقەیەکی تر نابات دەست دەکاتە گریان، ئاخر ئەو هەمیشە گریانەکەی ئامادەیەو رۆژی دوو سێ جار لەخووت و خۆڕایی دەگری، دایکم پێی وایە گریانەکەی لالۆ حەسەن وەک گارە گاری مریشک وایەو چ پاساوێکی تایبەتیی نییە، باوکم دەڵێ: لالۆ حەسەن وڵاخێکە لەو گۆڕەی! لالۆ حەسەن پێدەکەنێ و دیارە وڵاخ بوونی پێخۆشە، هەر بۆیە شادومان و خەنیی دەفرەکان کۆدەکاتەوەو سەیری بابم دەکا کە بە چێژەوە پلێک گۆشت دەجوێ و لە لێنانی چێشتەکەی قایلە. شووشەی پەنجەرەکەی لای منەوە شکاوەو کزەیەکی سارد رێک روخسارم دەسمێت، ملم وشک هەڵگەڕاوەو پشتم لە سەرمادا بۆتە شەختە. کاک عەزیز لە ئاوێنەی پاسەکەوە، بە نیگەرانییەوە دیقەتم دەدات، پاسەکە رادەگرێت، لەتە رۆژنامەیەک و چەند پارچە پەڕۆیەک دەپەستێنێتە درزی پەنجەرەکەوەو هەمدیس لە پشت سوکانەوە دادەنیشێتەوە. من لە زوبانە بێدەنگەکەی دەگەم، دەزانم دڵی لامەو وای پێ باشترە شوێنەکەم بگۆڕم، وەک بڵێی بە چاوانی پێمبڵێ:" هەستە کچە چکۆڵە زیتەڵەکە! هەستە با سەرمات نەبێ، بڕۆرە دواوە، ئەوێ گەرمترە، ئاخر دەترسم نەخۆش کەویت!" منیش بە ئەسپایی وەڵامی دەدەمەوە:" نا، لە شوێنەکەی خۆم هەڵناسم، ئەم کورسییە هینی خۆمەو لەسەری هەڵناسم!" نیگەرانییەکەی کاک عەزیزم خۆشدەوێ، میهرەبانییە دایکانەکەی، قوڵیی هاوڕێیەتییەکەیم بۆ دەسەلمێنێ، ئەوسا پێڵووەکانم لێکدەنێم و سەفەرێکی خەیاڵیی بە چاخە دوورەکان و بە سەردەمی پادشا گەورەکانا دەکەم، سەفەرێکی خەیاڵی بە زەمەنێکدا دەکەم کە قارەمانانی بەوەفا لەپێناو سەلماندنی راستگۆیی و قوربانیدانیاندا بۆ شەهرەیار، بە پێی پەتیی بەسەر پشکۆی هەڵایساوا دەڕۆن و لەگەڵ ئەژدیهای حەوت سەردا دەجەنگێن. چیتر پاسەکە جووڵەی بۆ ناکرێت، رێگە گیراوە، سەرما جێگەی بە هەموو شتێک لێژ کردووە، لای راستی بەدەنم سڕ بووە، سەرپەنجەکانم مێروولە دەکەن، پێم بێ هەست و سەرم وەک کێو قورس، وەک بڵێی فووی تێکرابێ، دەئاوسێ و دەنیشێتەوە، بوومەتە تەختەو لەتیلەی پێڵووە نیوە داخراوەکانمەوە چەندین تارمایی لە دەرەوە دەبینم کە لەناو بەفرەکەدا سووڕ دەخۆن، ئاو بە کەپوومدا دێتە خوارێ و چاوانم دەبرژێنەوە. ناکاو گەرم گەرم دادێم، داخ دەبم، پاشان لەرزم لێدێ و ددانەکانم لە سەرمادا چۆقە چۆقیان پێدەکەوێ، فرمێسک بە خوڕ لەچاوانمەوە دەڕژێ، بەدەست خۆم نییە، کاک عەزیز بە پەنجە زبرەکانی سەر روومەتەکانم وشک دەکاتەوەو بە دەمی داخراوەوە پێدەکەنێت، ئەو قوتابیانەی کاک عەزیز دەناسن دەڵێن: "هەموو دگانەکانی ئاڵتوونن!" باوەڕ ناکەم، لەدایکم دەپرسم، ئەویش نازانێ و کاک عەزیز هەر ناناسێ، بەڵام پرسیارەکەمی پێخۆش نییەو هەڕەشەم لێدەکا کە ئەگەر سەیری شۆفێری پاسەکان بکەم یاخود قسەیان لەگەڵدا بکەم ئەوا داخم دەکا، دایکم پێیوایە تەنها خەڵکانی خەراپ و لات دگانی ئاڵتوونیان هەیەو هەمووشیان دزو پیاو کوژن و هەزار بەڵا بەسەر کچانی چکۆڵەدا دەهێنن. من باوەڕ بە دایکم ناکەم، خەفەت دەخۆم کە هەندێ جار دایکم دەبینم ناڕەسەن و درۆزن دێتە بەر چاو، بە پوورە ئازەر دەڵێ: قەڵەوی پیس! خەفەت دەخۆم بەوەی کە دایکم زۆر شت نازانێ، بۆ نموونە ناوی پایتەختی زۆر لە وڵاتان بەڵەد نییەو فڕیشی بە یاسا ساکارەکانی ماتماتیکەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بەلای منەوە دایکم میهرەبانترین و جوانترین دایکە لە دونیادا، شەوانە بەر لەنووستن خۆم دەکەمە نەخۆش تا لەپاڵ نوێنەکەمدا دانیشێت، دەخوازم ئیعتیرافی لا بکەم کە چ بیرو خەیاڵاتێکی خەراپ لەبارەی ئەوەوە لە کەللەمدایە، بەڵام دایکم هەمیشە هەر خەریکی ئیشە، پەلەیەتی و گوێ لە قسەکانی من راناگرێ، گەر بزانێ بە ئەسپایی لەودیو دەرگاوە گوێ لە قسەکانی ئەوو باوکم رادەدێرم، ئەوا سزایەکی خەراپم دەدا. کاک عەزیز لە حەژمەت بەفرو رێبەندان گرمۆڵە بووە، تەواوێک هەوڵ دەدا پاسەکە چەند هەنگاوێک پێشتر بەرێت، بەڵام ناتوانی، وەک بڵێی لە بیابانێکی سپییدا رێگەمان ون کردبێ. دەنگی لالۆ حەسەنم لە دوورەوە دێتە گوێ، دەناڵێنێ و نزگەرەی زل زل لێدەدا، منیش سەیرم لێ بەسەر هاتووە، هەستدەکەم خەریکم نەخۆش دەکەوم، گەدەم پڕ بووە لە ئاڵباڵوو، دەخوازم بڕشێمەوە، بە هەردوو دەست چاکەتەکەی کاک عەزیز بەخۆمەوە دەنووسێنم و سەرم گێژ دەخوات، دەمەوێ هەستم، بەڵام هێز لە قاچمدا نەماوە، دەمم دەکەمەوە، بەڵام دەنگم دەرنایەت، هەموو شوێنێک پڕە لە بەفر، هەموو پاسەکە، هەموو شار، هەموو دونیا پڕن لە بەفر، منیش لەژێر ئەو تاقە سپییەدا بوومەتە سەهۆڵ، ساڵانێکە بەو جەستە بە شەختە بووەمەوە ماومەتەوە، تەنها چاوەکانمن کە وەکو دوو تەنوور دەسووتێن و خێرا خێرا فرمێسکیان لێوە دەڕژێتە خوار، دەمم وشک و تاڵ و لە دووی ئاو دەگەڕێ: ئاو ... ئاو ... ئاو.
دەستێکی نەرم و بۆن خۆش، بۆنی پۆدرەو کرێم، نێوچەوانم نەوازش دەکات. کهسێک دۆعا بە گوێمدا دەخوێنێ و فوو بە روخسارمدا دەکا. روخساری ئاشنا بەچواردەوری تەختەنوێنەکەمدا راوەستاون و چاوانی گەورەو شیرینی پوورە ئازەر لەژێر رۆشنایی گڵۆپەکەدا دەدرەوشێنەوە، بۆنی کوڵاتووەکەی نەنکم دێت، نەرمیی بەتانی و چەرچەفە پاک و تەمیزەکانی خۆم دەناسمەوەو دەزانم کە لەنێو نوێنی خۆمدام و دایکیشمم لەلاوەیە، هەستێکی لێواولێو لە ئارامیی دەڕژێتە دڵم، خەوم لێدەکەوێ و خەون دەبینم کە بە کۆڵی کاک عەزیزەوەم و ئەویش وەکو فەرشی باڵدار لەژوور هەورەکانەوە دەفڕێ و من بۆ تەماشای شارە دوورو نەناسراوەکان دەبات، وای چەند حەز دەکەم دەمی بکاتەوەو من دگانە ئاڵتوونەکانی ببینم، بەڵام حەیفێک لێوەکانی وەک سنوقێکی چکۆڵەی پڕ لە زێڕو زیو کڵۆم دراون. تەواوێک نەخۆشم، دختۆر کەوسەری هەموو پێنج شەممەیەک سەردانم دەکا، سینگم قرخە قرخی دێ و شەوانە تاکەم بەرز دەبێتەوە، دختۆر کەوسەری هەرجارێک کە دێت دەرمانەکانم بۆ دەگۆڕێ، نەخۆشییەکەشم خەراپتر دەبێ، لەڕولاواز بووم و رەنگی مردووم لێنیشتووەو قژم دەڕووتێتەوە، دختۆرێکی ترم دێننە سەر کە لەمن زیاتر دەکۆکێت، دەرمانەکانی ئەم دختۆرە لە هیچ ئەجزاخانەیەکدا دەسناکەون. رۆژو هەفتەکان وەک با تێدەپەڕن، دەرس و مەکتەبم بیرچوونەتەوە، بە رۆژ دەنووم و لە خەویشدا هەر دەکۆکم، داپیرە لەخوار تەختەنوێنەکەمەوە دادەنیشێ و لەژێر لێوەوە دۆعا دەخوێنێ، گەر بەخەبەر بم، ئەوا حەکایەتم بۆ دەگێڕێتەوەو خواردنەکەم بەکەوچک بەدەمەوە دەکات، هەموو رۆژێک لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە لەو دار خورمالووە دەنۆڕم کە لق و پەلکەکانی رووت بوونەتەوە لە گەڵا، تا بەهار دێت رۆژەکان دەژمێرم، هەموو رۆژێک سەعات چواری پاش نیوەڕۆ پاسەکەی شەمێران دەبینم کە لە چوارڕاکەی بەردەم قوتابخانەوە رەت دەبێ و کاک عەزیزیش خەمبارو تەنها لەجێگە چۆڵەکەی من دەنۆڕێ و تێدەپەڕێ، دەشێ منی بیرچووبێتەوەو ئەو نەستەلانە بداتە کچێکی تر کە لەناو داشبردی ترومبێلەکەیدا بۆ منی داناون، دڵم لە ئیرەییدا دەسووتێ و کۆکینەکەم توندتر دەبێ، دایکم حەلوەلا دەنێرێ بەدوای دختۆر کەوسەرییداو دەنگی باوکم دەبییەم کە ئەمر دەکا ئامادەمکەن تا هەرچیی زووترە رەوانەی فەڕەنسا بکرێم. ئەمساڵ لە پۆلەکەی خۆمدا دەمێنمەوە، دەگریم و پوورە ئازەر دەڵێ: هیچ شتێک لە ساخ و سڵامەتیی گرینکتر نییە. خۆزیا هاوین دەهات و دارگێلاسەکان بە گەڵاو بە بەر دەڕازانەوە، هاوینان ماڵەکەی ئێمە قەرەباڵختر دەبێ، خانەوادەکەی ئێمە قەبیلەیەکی گەورەیەو من دەیان پوورو خاڵ و یەک دەرزەن کوڕە خاڵ و کچە پوورم هەن. باوکم سەرگهورهی ئەم قەبیلەیەیەو هەمووان حیسابی بۆ دەکەن، ئەم قەبیلەیە رۆژانی هەینی نانی نیوەڕۆ لە ماڵی ئێمە دەخۆن و شەوانەیش دایکم زیاتر لەنیوەیان لە ماڵی خۆمان گل دەداتەوە. هەموومان پێکەوە لەبەرهەیوانی باخەکە دەنووین، مناڵان لەپاڵ یەکدیداو گەورەکانیش دوورتر لەژێر دارچنارەکانا، لەسەر تەختی دارین و لەنێو پەردەکوللەدا، باوکیشم بەتاقی تەنها لەژێر کەپرەکەدا دەنوێ، دوو جۆگە لەملاولای کەپرەکەوە دێنە خوارێ و تا بەیانی دەنگی خوڕەی ئاو دێتە گوێ. داپیرە لەگەڵ ئێمەی مناڵاندا دەنوێ و چاودێریمان دەکا، لەژوور سەری هەریەکێکماندا پەرداخێک سەهۆڵاوو لەژێر سەرینی هەریەکێکماندا چنگێک گوڵە یاسەمین دادەنێت، مناڵەکان دەژمێرێ و هەریەکەیان بەناوی خۆیەوە بانگ دەکات تا دڵنیابێ کە هەموومان لەجێگەی خۆمانین. من حەزم لە بێدەنگیی شەوانە، لە شەودا لێدانی دڵی میوەی گەییوو هەناسەی سووکەڵەی بێچووە نەوڕەسەکان دەبییەم، بەرلەوەی خەوم لێبکەوێ، ئەستێرەکان دەژمێرم و لەو هەورانە دەنۆڕم کە لە ئادەمیزاد دەچن. یەکێک لەو هەورانە هەر دەڵێی کاک عەزیزە، لەوسەری سەرەوە بانگم دەکاو بە دەم و چاوی دەمخاتە پێکەنین. خاڵۆزاکانم ورتە ورتیانەو داپیرە لەهەمان ئەو شوێنەوە کە لێی دەخەوێ، بە شوڵکە درێژەکەی پێیاندا دەماڵێت، خاڵە گچکە پرخە پرخ دەکاو سەگی کەلاوەکان دێنێتە وەڕین، نەنە بەدەم خەوەوە قسان دەکاو توبا خاتوونیش تا رۆژ دەبێتەوە خۆی دەخورێنێ، یەکێک لە مناڵەکانیش لێکدا لێکدا دەنگێکی لێ بەردەبێتەوەو داپیرە لە جێگەکەی رادەپەڕێ تا بزانێ ئەوە کاممانین! مناڵان هەموو خۆیان دەکەنە نوستوو، هەناسە لەخۆیان دەبڕن. بەدەم ویزە ویزی ئەستێرەو زریوە زریوی ئەستێرانەوە چاوەکان پڕ دەبن لەخەون، هەندێ شەو باران دادەکاو داپیرە نایلۆنێکی قەبەو درێژمان پێدا دەدا کە هەمیشە لەپاڵ خۆیدا دایدەنێ، من و خاڵۆزایەکم لەژێر ئەو رووپۆشە ئەستوورەدا دەنووین و وەک مێروولەی ژێر خاک گوێ بۆ دەنگی باران رادەدێرین. لەوکاتەوەی نەخۆش کەوتووم ناچارم لەژوورەکەمدا زیندانیی بم، هەموو شتێک دەمترسێنێ، ترس وەک تارمایی لەهەموو شوێنێکدایە، گا دەرگاکە دەکاتەوەو پاش نیوەڕوانیش کاتێ گەورەکان دەکەونە خەوەنوچکێ، دێتە لام، گا لەودیو شووشەی پەنجەرەکەوەیە یاخود خۆی لەژێر کۆشی دایکمدا قایم دەکات. ئەمڕۆ بەیانیی لە ئاوێنەکەدا بوو، وەک بڵێی گاڵتەم پێبکا. ئەوە ترسە کە دەمخاتە کۆکە، ئیدی دایکم بڕوای بە دختۆر کەوسەریی نەماوەو دەرمانەکانی تووڕداوە، خاڵە گیان، دختۆری شەوان لەماڵی ئێمە دەنوێ، لەگەڵ دایکمدا وا رێک کەوتوون کە شەوێک ئەو شرینقەم لێبداو شەوێکیش دایکم، باوکم دەڵێ دختۆرەکانی فەڕەنسا بلیمەتن و بە یەکەمین رەچەتە قورسترین نەخۆشیی شەفا دەدەن، پوورە ئازەر بە چاوانێکی خەمین تەماشام دەکاو بەجۆرێک ماچم دەکا کە پێدەچێ ئیتر نەمبینێتەوە، لالۆ حەسەن پۆست کارتێکی کۆنی پێیە کە رەسمی ژنێکی قەڵەوی قژ زەردی تێدایەو جلکێکی موشەبەکی مەخمەلیی پۆشیوە، لالۆ حەسەن دەڵێ: ئەم ژنە شاژنی پاریسەو ژنێکی بەدخووەو ئیمانی بە قورئان نییە! لالۆ حەسەن خەمی من و دایکمییەتی و داوا لە نەنە دەکا کە شەوو رۆژ لەپێناو رزگارکردنی ئێمە لەچنگی ئەو شاژنە کافرە دۆعا بکا، دایکم بە خۆشحاڵییەوە جانتاکانی سەفەر ئامادە دەکات. من دەزانم کە ترس لە پاریسیش هەیەو بۆ هەر شوێنێک بڕۆین ترس هەر بەدوامانەوەیە، نەنە پەیتا پەیتا دۆعا دەخوێنێ و فوو بە روخسارمدا دەکا، توبا خاتوون هەموو مەغریبێک یەک پەرداخ ئاوی جگەری کوڵاوم دەرخوارد دەدا، هەزار جۆر موفەڕکیان بە گەردن و پامەوە کردووەو ژێر سەرینەکەشم پڕە لە قاقزی چکۆڵەی چوارقەد کراو. هێشتا هەموو پاش نیوەڕۆیەک کاتێ دەبێتە سەعات چوار، دڵم لای بەربوونی قوتابخانەیە، دڵم لای ئەو پاسەیە کە لەدوورەوە دێ و وەک خەونێکی نیوە فەرامۆشکراو، بەرلەوەی بگاتە لای من، لە تەمتوومانێکی سپیدا رۆدەچێت. هێشتا هەر بەر لە نووستن سێ جار لەدڵی خۆدا دەڵێم: من لە پاسەکەی کاک عەزیز زیاتر سواری هیچ پاسێکی تر نابم! ئەمە پەیمانێکە بە یەکمان داوەو تا رۆژی حەشر ئەو پەیمانە ناشکێنم، سوێند دەخۆم، لەکاتی سوێند خواردندا پێڵووم لێکدەنێم، هەناسە لەخۆم دەبڕم و دڵم وەک تەپڵ لێدەدا، دڵنیام کە کاک عەزیز لێدانی دڵم دەژنەوێ و وەڵامم دەداتەوە. سێ رۆژی تر سەفەر دەکەین، نەنە لای پەنجەرەکەوە دانیشتووە، گوڵە یاسەمین دەکات بە دەزووەوەو ملوانکەو بازنگم لەو گوڵانە بۆ دەهۆنێتەوە، هەمووان خەمبارن، تەنانەت توبا خاتوونیش کە هەمیشە قونی بادەداو چەقەنەی لێدەدا، ئێستا ئیدی ئەویش وەک جاران نییە، چاوانی پڕ لەفرمێسک و ئاوی کەپووی بەسەر قۆڵەکەی دەسڕێت. لە دەرگا درا، بەخۆم دەڵێم: رەنگە دختۆرێکی تازە یاخود یەکێ لە پوورەکانم بێت، ئاخر هەزاران جۆر لە خەڵکیی دیدەنیمان دەکەن و رۆژی سەد جار لە دەرگای ماڵی ئێمە دەدرێت. لالۆ حەسەن دێتە ژوورێ و لەپاڵ دەرگاکەدا رادەوەستێت، گێژووێژو حەپەساو تەماشای دایکم دەکات، دەیەوێ شتێک بڵێ بەڵام جورئەت ناکات، وەک هەمیشە لە ترسا کەوتۆتە نزگەرە، ئاماژە بۆ کەسێ یان شتێک لە دەرەوە دەکا، بەڵام دەنگی دەرنایەت. دایکم تووڕەو بێ هەدادان هەڵدەسێ و بەدوای لالۆ حەسەندا بەرەو داڵانەکە دەچێ، دەنگی دەبییەم: کێ؟ وەڵامەکەی لالۆ حەسەن نابیستم، تەها دەنگی دایکمم دێتە گوێ کە بەرزو بەرزتر دەبێتەوەو وەک دەنگی ئاژێر هەمووان نیگەران دەکا، داپیرە هەڵدەسێ و پەنجەرەکە دادەخا، بەتانییەکە تا ژێر چەناگەم رادەکێشێت. دووبارە دەنگی دایکمم دێتە گوێ: '' چیی؟ سایەق پاس؟'' رادەچڵەکم، دەکەومە سەر ئەژنۆو لەسەر جێگەکەم دادەنیشم. وەڵامەکەی لالۆ حەسەن لە باعەباعی مەڕێک دەچێت کە بیانەوێ سەری ببڕن. هاواری دایکم لەنێو سەرمدا لوول دەخوا: '' کێ؟ چیی؟ کام پاس؟'' لالۆ حەسەنی فەقیر نیوە گیان و زمانی لاڵ دەبێ، شیتە شیتی دایکم دەبییەم کە دەیەوێ تێبگا چۆن شۆفێرێکی هیچ و پووچ جورئەتی کردووە بۆ هەواڵپرسینی کیژەکەی بێت! لالۆ حەسەن دەنێرێ تا پێی بڵێ گەر جارێکی تر بەم ناوەدا بێتەوە ئەوا ئەمر دەکا قەڵەمی ئەژنۆی بشکێنن! بەتانییەکە لادەدەم، لە جێگەکەم دەردەپەڕم و پێخاوس و بە جلکی تەنکی نووستنەوە بەرەو داڵانەکە رادەکەم، توبا خانم هەوڵدەدا پێشم بگرێ، پاڵێکی پێوەدەنێم و گازێک لەدەستی دەگرم، دایکم لەم رەفتارە سەیرو سەمەرەیەم حەپەساوە، ئەمرم پێدەکا هەرچیی زووترە بۆ نێو نوێنەکەم بگەڕێمەوە، بەڵام گوێ بەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشەیە نادەم و خۆم دەگەیەنمە ژووری خوێندنەوەی باوکم کە لەوپەڕی راڕەوەکەدایە، دەچمە ژوورێ و لەم دیوەوە دەرگاکە بە کلیل دادەخەم، پەنجەرەی ژوورەکە بەسەر کۆڵاندا دەنۆڕێت، پەردەکە لادەدەم، دەچمە سەر کورسییەکەو دەبینم کاک عەزیز وەک مناڵێکی شەرمن و مەزڵووم لەناوەڕاستی کۆڵانەکدا راوەستاوە، زەرفێکی چکۆڵەی بەدەستەوەیە، قژە لوولەکەی شانە کردووەو قۆپچەی کراسەکەی تا بنی بنەوە داخستووە، ئاخر نایەوێ سینگە بەخاڵ کوتراوەکەی دەرکەوێ. پەنجەرەکە دەکەمەوە، بانگیدەکەم، سەیری ئەملاولای خۆی دەکاو دەیەوێ بڕوات، بەرزتر بانگی دەکەم و دەستی بۆ رادەوەشێنم، ئاوڕ دەداتەوە، سەر هەڵدەبڕێ و چاوی بە من دەکەوێت، هەمدیس هەمان میهرەبانیی دێرین روخساری دەپۆشێتەوە، هۆن هۆن فرمێسک لەچاوانم دەڕژێ و خۆیشم نازانم دەڵێم چیی! کاک عەزیز هەر لەهەمان ئەو شوێنەی کە لێی راوەستاوە، بەسەر سڵاوم لێدەکات، مەگەر خودا بۆ خۆی بزانێ چەندە خۆشحاڵ دەبێ، بەرەو لام دێتە پێشێ، پێدەکەنێ و بەو پێکەنینە شتێکی سەیر روودەدات، دەمی دەکاتەوە، دەمی وەک ئەشکەوتێک تاریک، یەک دگانی ئاڵتوون لە قووڵایی دەمیدا، وەک چراکەی عەلادین پرشنگ دەدات، دڵنیام هەرچیم بوێت بەهۆی ئەو چرا ئەفسانەییەوە بۆم جێبەجێ دەبێت، پێڵووەکانم لێکدەنێم و داوا دەکەم:'' ئەمجارە چاک ببمەوە، ئەمجارە کۆکینەکەم نەمێنێ و ترس بەرۆکم بەردات!''
کە گەیشتینە پاریس لە ئوتێلی واگرام دابەزین، سێ رۆژ دواتر دختۆرێکی فەرەنسایی فەحسی کردم و رەچەتەیەکی دوورو درێژی بۆ نووسیم، تەندروستیم لە جاران باشترو کەمتریش دەکۆکیم. کهس لە نهێنیی من و سیحری چرا ئاڵتوونییەکە بەئاگا نەبوو، دایکم پێی وابوو چاکبوونەوەی خێرام بەهۆی زیرەکیی دختۆرە فەرەنساییەکەوەیە، بەڵام خۆم دەمزانی چاکبوونەوەم لەبن سەری کێ و چیدایە. هەموو شەوێک لەتاریکیی ژوورەکەو ژێر چەرچەفەکەدا دەستم بۆ چرا خەیاڵییەکەی عەلادین رادەکێشاو دۆعا هەمیشەییەکەم دووبارە دەکردەوە. شەش مانگ زیاتر لە فەرەنسا ماینەوە، کە گەڕاینەوە تاران قوتابخانەکەیان بۆ گۆڕیم، ئەو قوتابخانە نوێیەم چەند هەنگاوێک لەماڵی خۆمانەوە دوور بوو، بە پێ دەڕۆیشتم و دەگەڕامەوە، بەڵام کاتێ لە شەقامەکەوە تێدەپەڕیم دڵم تەنگ و چاوم بۆ پاسەکەی شەمێران دەگێڕا. ساڵان بەخێرایی رەت بوون و من ئێستا بوومەتە کیژۆڵە خانمێک بۆ خۆم، پاسە کۆنەکانیان کۆکردوونەتەوەو ترومبێلی تاکسی بە شۆفێری جحێڵەوە جێی ئەو پاسانەیان گرتۆتەوە، بەڵام من هێشتا بەرامبەر ئەو هاوڕێ گەورەو دێرینەم وەفادارم، هەرکاتێ دڵم تەنگ دەبێ یان خەفەتێک رووم تێدەکاو کۆسپێک دەکەوێتە بەردەم کاروبارەکانمەوە، کوتوپڕ دەمی موجیزەئاسای هاوڕێکەم لەودیو یادەوەرییەکانی مناڵیمەوە دەردەکەوێ و پرشنگی دگانە ئاڵتوونییەکەی وەک ئەستێرەی زوهرە لەتاریکیی شەوانمدا دەدرەوشێتەوە.
پاسی هێڵی ژمارە هەفتا لەسەری پێچەکەدا وەدیاردەکەوێ و بەکاوەخۆ دێتە پێشێ، دەنگێکی مناڵانە لەگوێمدا دەڵێ:''جگە لەپاسەکەی کاک عەزیز سواری هیچ پاسێکی تر نابم!'' کچەکەم پێشم دەکەوێت، دەست بۆ شۆفێری پاسەکە رادەوەشێنێ و چاوانی پڕ دەبن لە رازو خولیای مناڵانە. دەشێ کچەکەشم نهێنییەکی لەلا هەبێ و پێم نەڵێت، تەواوێک وەک ئەوەی کە منیش نهێنیی خۆم بە کەس نەدەگوت، نە بە دایکم، نە بە لالۆ حەسەن، تەنانەت ئەو نهێنییەم لای دارچنارەکانی ئەوسەری باخەکەیش نەدەدرکاند!
*
|
|
|
|
|