ماڵێک له‌ ئاسمان

 گوڵی ته‌ره‌قی

 

                     

 هاوینێکی ناخۆش بوو، هاوینێکی گەرم، بێ ئاوو بێ کارەبا، هاوینێک کە هەر هەمووی جەنگ و ترس و تاریکیی بوو. مەسعود(د) دەتگوت هەڵدێرراوەتە بنی خەونێکی ناخۆشەوە، گێژو وێژو پەشۆکاو، خێرا پەلی ژن و مناڵەکانی گرت و خۆی گەیاندە هەندەران، نە بیری کردەوەو نە دەشیزانی چ ئایندەیەک چاوەڕێی دەکات. نەیدەویست کەسێکی فامیدەو وردبین و دوور ئەندێش بێت، نەیدەویست مشورەت بە کەس بکات، مشورەت بەو کەسانەی کە لەم بەئەزموونترو لەهەر جۆرە جێگۆڕکێ و گۆڕانێک دەترسان، یاخود مشورەت بەو کەسانەی کە باوەڕیان بەخاک و سوننەت و رەگوڕیشە هەبوو، مانەوەیان لێرە لەسەر بناغەی بڕیارێکی ئەخڵاقیی بوو.

  مەسعود (د) لە جەنگ بێزارو زەندەقی لە مەرگ چوو بوو، دڵەڕاوکێی شەوان تواناو حەوسەڵەی پێ نەهێشتبوو، شپرزەیی بەسوێی سپێدانیش ئازاری دەدا. دەبوو بڕوات، دەبوو ڕاکاو لەجێگەیەکی ئەمیندا داسەکنێت، جێگەیەک دوور لە هەراو زەناو بۆمب و بۆردومان، جێگەیەک دوور لە چەنگاڵی مەرگ.

  کاروبارەکانی وەک (با) بە نهێنیی جێبەجێکرد، کەل وپەلی ماڵەکەی تاڵانفرۆش کردو خانووەکەشی بە موفت و خۆڕایی بە ئەووەڵین مشتەری فرۆشت، ڤیزای وەرگرت، بلیتی تەیارەی کڕی، باروبنەی پێچایەوەو ڕێک لەکاتی خواحافیزییدا، وەک خەڵکانێکی تا لێهاتوو چاوی بە دایکە پیرەکەی کەوت و ئەژنۆی شکا.

  لەخۆی پرسیی: " ئەدی باشە ئەم پیرێژنە چۆن؟"

  دڵ و ریخۆڵەی لە ژان و برکا هێند تاوی سەند کە بۆ لەحزەیەک جەنگ و مەرگی بیرچۆوەو بڕیاری مانەوەیدا.

  مەهین خانم لەتەواوی ئەو ماوەیەدا هەر سەیری کردبوو، بێ ئەوەی شتێک بپرسێ یا پرتەو بۆڵەیەک بکا یاخود گوزارشت لەخۆی بکات، بەچاوی خۆی بینیبووی چۆن دارو نەداری خراوەتە سەر فرۆشتن، بەڵام ئەم فزەی لێوە نەهاتبوو. بە چاوی خۆی بینیبووی چۆن خەڵکانی غەریبە بە ماڵەکەدا ئەم ژووراو ژوور دەکەن، بەڵام ئەم لێوی هەڵنەهێنابووەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەقوژبنێکدا، لە پاڵ دیوارەکەدا هەڵتروشکابوو، لەسەر فەرشە گەورە تەورێزییەکەی یادگاری باپیران، بە حەسرەتێکی شاراوەوە دەستی بەسەر گوڵە مەخمەلییەکانی فەرشەکەو وێنە رەنگاورەنگە ئاڵتونییەکانی رۆژانی رابردوودا هێنابوو، دوا بەرکەوتنی سەر پەنجەکانی بەو بارستە ئاشنا دێرینەیەدا، لە دەسهێنان دەچوو بە بەدەنێکی نیوە گەرم لەدوایین ساتەکانی ژیاندا. چنگیکردبوو بە ریشاڵی قوماشی سەر مێزەکەدا تا بۆ ساتێک خۆی پێوەیان راگرێ، چاوی گێڕابوو بۆ قاپە گوڵدارەکان کە ئەم دەست و ئەو دەستیان دەکرد، چاوی گێڕابوو بۆ چرا بن بەرزە رووسییەکان کە فرۆشرابوون.

  ویستبووی بڵێ:" نا، بوخچە قەیفەییەکەو ئاوێنەی مارەییەکەم نادەم!" ویستبووی شتێک هەڵگری و وەیشارێت، بەڵام ورتەی لێوە نەهاتبوو، شەڵاڵ لە برینی ناخ ... بۆ خۆی لە کونجێکدا هەڵتروشکابوو.

  شایەتی تاڵانفرۆشکردنی کاتژمێری دیوارو مێزو کورسیی و دەفری چینیی و چوارچێوە ئاڵتونییەکان بوو، تەواوێک وەک سەفەری خەمگینی مناڵەکانی دایکێکی پیر بۆ شارەکانی فەرەنگستان. دەیزانی رۆژگارێکی سەختی لەپێشەو کەچی قەبووڵیشی بوو، چ گلەییەکیشی لە کوڕەکەی نەبوو، ئاخر ئەم خۆی ساڵانێک لەوەوبەر خانووەکەی خستبووە سەر کوڕەکەی، بڕیاریان وابوو تا ئەم لە ژیاندا مابێت خانووەکە نەفرۆشن، ئەمە بڕیارێکی دێرین بوو، بڕیاری ئەوسای پێش شۆڕش و جەنگ، بڕیاری ئەوسای پێش ترس و لەرزو سەرگەردان بوونی مناڵەکان. مەهین خانم جگە لەسڵامەتی و بەختەوەریی کوڕەکەی چ شتێکیتری نەدەویست، بۆ کچەکەیشی هەمان شت کە شووی کردبوو بە کابرایەکی ئینگلیزو لە تاران نەمابوو، فەرشی ژێر خۆیشی پێدابوون، تەنانەت ئامادەش بوو رۆحی خۆی دەربێنآ و بەوانی ببەخشێت، مناڵەکانیشی بەهەمان شێوە ئەمیان خۆشدەویست.

  مەسعود (د) قەتاوقەت لەبیری ئەوەدا نەبوو کە دایکە پیرەکەی جێبێڵێت و بۆی ده‌رچێت، یان بە تاقی تەنها بە ئەمانی خودای بسپێرێ و بەلای راپەڕاندنی کاروباری خۆیەوە بچێت، کەچیی دواجار لەو شپرزەیی و نەگبەتییەدا، لەو جەنگ و بۆردومان و ئەگەری مردنەدا، هۆش و گۆشی بەخۆی نەمابوو، بەرپرسیاری کارو خولیاکانی نەبوو. مەهین خانم ئەمەی دەزانی و بێدەنگیی و تەسلیم بوون و قاییل بوونەکەشی لەو پەی بردنە دایکانەیەوە سەرچاوەی گرتبوو. هەڵبەت دەگریا، بەردەوام دەگریا، بەڵام بەنهێنیی و دوور لە چاوانی ئەوانیتر دەگریا، شەوانە لە تاریکیی ژێر چەرچەف و بە رۆژیش لە حەمامی دەرگا داخراوو لەودیو دارکاجە بەرزەکانی باخچەکەوە دەگریا. شاڵ و فەرش و ئەشیا دێرینەکان، یادەوەریی باوک و مێردو رۆژە خۆشەکانی جحێڵیی خۆی بوون و خۆشیدەویستن، لەگەڵیاندا عومرێکی بردبوونە سەرو ئولفەتی پێوە گرتبوون، یادەوەرییەکانی وەک هەزارەها وێنەی پەرتەوازە لە فەزادا، لەژوورەکانی خانووەکەدا دەهاتن و دەچوون و جێگەپێ و شوێن پەنجەی سەردەمی مناڵیی بەسەر بەردچنی حەوشەو گەچی دیوارەکانەوە مابوونەوە. مەهین خانم جگە لەم ماڵە بەهیچ شوێنێکیتر ئاشنا نەبوو، دەیبینی کە ئیدی خاوەنی ئەم جێگەیە نییە، خاوەنی هیچ شوێنێک نییە، ژێر پای بۆشاییەو بە هەڵپەسێرراوی لە فەزادا ماوەتەوە، حەزیدەکرد وەک پشیلە کە کاتی نەخۆشی و مەرگ سەر دادەخاو تێیدەقوچێنێت، ئەمیش هەر وەک پشیلە دیار نەمابا، بەڵام دەیبینی هێشتا ماوەو زیندووەو ئامادەی مردن نییە، ئاخر خەڵکانی تر پیرییان بەسەردا سەپاندبوو، روانینی بێڕوحم و قەزاوەتی بێویژدانانەی ئەوان تەمەنیان بۆ دیاریکردبوو، تێپەڕینی ساڵانیان دەدایەوە بە ڕوویدا.

  بەڵام ئەم وێنەیەکی جحێڵانەی بۆ خۆی هەبوو، وێنەیەکی پێچەوانەبوو لە ئاوێنە دێرینەکاندا، لە یادەوەرییە خۆشەکانی رۆژانی پێشوودا. دڵی وەتەپە دەکەوت و چاوی بە دوای شتەکاندا رایدەکرد، چاوەڕوانی ئایندە بوو، چاوەڕوانی هاتنی بەهارو هاوین... هەزار ئومێدو ئارەزووی بۆ خۆی و بۆ مناڵەکانی، بۆ کوڕەزاو کچەزاکانی، بۆ نەبیرەکان*ی  لە سەردا بوو ... حەفتاو چوار ساڵ یان حەفتاو شەش یاخود زیاتر! خەڵکانی تر ئەم حیسابەیان بۆ دەکردو رۆژی شووکردن و لەدایکبوونی وییان مەزەندە دەکرد، ئەگینا مەهین خانم لە چل ساڵیشی تێنەپەڕاندبوو، ئەمە تەنها خۆی دەیزانی و هەستی پێدەکردو باوەڕی پێبوو، وا هەنووکەش .. بێ جێگەو بێ رێگە، نەیدەزانی کەوتۆتە کام ساتەوەختی زەمەنەوە، نەیدەزانی کێیەو لەکوێیەو چارەی چییە! ببووە شتێکی زیادە لە دەرەوەی سیستیمی کەونیی مەنزومەکان، وەک ئەستێرەیەک کەوتبێتە خوارەوەو بۆ قوژبنێکی تاریکی ئاسمان دوور خرابێتەوە ... حەزیدەکرد مردبا، بەڵام مەرگ لێی دوور بوو، پا ی عەردی دەویست، بەدەنی گەردیلەی رووناکیی و گەرمایان قووتدەداو هۆش و بیری بە هەزار تاڵە دەزووی نەبینراوەوە بە گۆشەو کەناری شیرینی ژیانەوە دوورابوو.

  بڕیاردرا مەهین خانم بۆ چەند هەفتەیەک یان زیاتر (رەنگە بۆ دوو سێ مانگ) ببەنە لای خوشکەکەی تا مەسعود (د) لە پاریس جێگیر دەبێت، خانوو دەگرێ، ئیشێک پەیدا دەکا، ژیانی باش دەبێ و ئەوسا فرسەت دێنێ و بە خەیاڵێکی ئاسوودەو دڵێکی خۆشەوە دایکی رادەکێشێت. کچەکەیشی هەر خەیاڵی لای بوو، سەرەڕای کەمیی داهات و گرانیی ژیان بەردەوام لە لەندەنەوە تەلەفۆنی دەکردو داوەتی دایکی دەکرد، زاوا ئینگلیزەکەشی پیاوێکی دلۆڤان بوو، ئامادەبوو پێشوازیی لە خەسووی بکا. بە کورتیی دەبوو ئارام بگرن، دواجار هەموو شتێک دەچووەوە شوێنی خۆی، دەشێ باشتریش لەیەکەم رۆژ، مەهین خانمیش ژنێکی بە حەوسەڵەو ئاقڵ بوو، مناڵەکانی قەرزارباری ئەو هەستە دایکانەیەی بوون.

  یەکەمین دوو هەفتە کەمێک قورس تێپەڕیی، ئاخر جێگۆڕکێ هاسان نەبوو، مەهین خانم فێر نەبوو شەوانە لە ماڵی ئەم و ئەو بنوێت، بە ژوورو چەرپاو باڵشتی خۆی راهاتبوو، راهاتبوو بە دەنگە دەنگی کۆڵان و هاموشۆی هاوسێ دێرینەکانی، تەنانەت بە بۆساردی موبەق و شێی ئاشنای پێپلیکانەکەی سەرێ راهاتبوو، راهاتبوو بە بۆنی گوڵەکان و بە ئامادەیی هەمیشەیی چوار دارچنارە بەژن زراڤەکەی هاوتەمەنی باوکی.

خوشکەکەی مەهین خانم ژنێکی میهرەبان و میوان دۆست بوو، دختۆر (یونس خان) ی مێردیشی کاری بەکاری کەسەوە نەبوو، پیاوێکی خەمگین و تەنیاو خەفەتی بۆ دووریی مناڵەکانی دەخوارد. دوای شۆڕشی ئێران هەر حەوت کوڕو کچەکەی لە ئێران دەرچوو بوون، کوڕە گەورەکەی نیشتەجێی ئوستورالیا و دەستی پیا رانەدەگەیشت، دوو کچەکەی (دووانە خۆشەویستەکە) لە ئەمەریکا بوون، کوڕە ناوەنجی لەنێوان سەنگاپوورە و تایلاند و ژاپۆندا دەهات و دەچوو، ئەویتریش بەردەوام شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەگۆڕی، یەکێک لە کەنیشکەکانیش (بە مەزەندەی دختۆر یونس خان - ئاخر دڵنیا نەبوو- زەینی لەکار کەوتبوو) رەگەزنامەی کەنەدایی یا هیندوستانیی یاخود وڵاتێکی نەناسراوی ئەفریقای وەرگرتبوو.

  هەرتک خوشک لێکتر نزیک بوون و مەسعود گیان لەوبارەیەوە چ خەمێکی نەبوو، دواجار بۆردومانی شەوانەو هێرشی موشەکە نەحلەتییەکان رۆحییەتی هێمنی دختۆر یونس خانیان زۆر گۆڕی، شتی سەیر سەیری بەخەیاڵدا دەهات و لەخۆوە گومانی لە هەموو کەسێک دەکرد، لەودیو دەرگاوە گوێی لەقسان رادەدێرا، لەجزدان یاخود لەجانتای مەهین خانمدا بەدوای تشتە خرتکەو پرتکەکانی خۆیدا دەگەڕا کە دەیشاردنەوەو بیری دەچوو لەکوێی داناون، لای خۆی دڵنیابوو کە مەهین خانم چاویلکەو چەرخەکەی هەڵگرتووە، ئەمەی بە ژنەکەی دەگوت، ئەوسا ژنەکەشی دەکەوتە سکاڵاو دەبووە دەمەقاڵێیان، مەهین خانمیش هەڵکورماو لەودیو دەرگاوە، لەتاو شەرم گرمۆڵە دەبوو، رۆژەکانی دەژماردن تا هەرچی زووترە بەرەو فەرەنگستان بکەوێتە رێ و لای مناڵەکانی ئاهێکی بەبەردا بێتەوە، دڵیشی بە دختۆر یونس خان دەسووتاو دڵنیابوو کە ئەم رەوتارانەی بە مەبەست و لە ناڕەسەنییەوە نین. تەنانەت ئەو رۆژەی کە پەنجەی بوو بە دەرگاکەوەو نینۆکی لەبێخەوە دەرهات، یان ئەو شەوەی کە مێردی خوشکەکەی بەدوای ئەنگوستیلە یاقیقییەکەیدا نوێنەکەی ئەمی ژێرەو ژوور کردو گیرفانەکانی گەڕا، نە کڕووزایەوەو نە ورتەیەکیشی لە دەم هاتەدەر. بەخۆی گوت هەموو ئەم ساتانە تێدەپەڕن و سوپاسی خودای کرد کە مناڵەکانی ساخ و سڵامەتن و خۆیشی سەرەڕای هەموو ئەم شتانە، هێشتا هۆشیارو زیندووە.

  دواجار رۆژی سەفەر هات و بە دیداری مەسعود (د) و مناڵەکانی شادبۆوە، مەهین خانم وایدەزانی خەونەو لەخۆشیدا هۆن هۆن فرمێسک لە چاوانییەوە رژا. ئاخر ئەوێک کە بە سانایی لەبەردەم خەڵکیدا نەدەگریا، هەنووکە گریانەکەی بەدەستی خۆی نەبوو، پەیتا پەیتا سەرو رووی کوڕەزاکانی ماچ دەکردو ئاگای لە خەوو ئیسراحەت نەمابوو، گەرچی بەدرێژایی شەو بەپێوە ببوو: فڕۆکەخانە، گومرگ، گەڕان بەدوای جانتاکانیدا، ونبوونی جزدانەکەی، لەبیرچوونی چاویلکە زەڕەبینەکەی و پاکەتی دەرمانەکانی، قاچ ئێشەو ژانەسەری کوتوپڕو دڵ تێکەڵاتنە نەفرەتییەکەی ناو فڕۆکە ... بەڵام گەر لێگەڕابان حەزیدەکرد تەواوی ئەو رۆژە بئاخڤێ و مناڵەکان و کوڕو بووکەکەی ماچکاو بەو شوقە هێندەی کونە مشکەدا بێت و بچێ و پەرۆش و دەستەپاچە هەزاران پرسیاری بێسەروبەرە لەبارەی ئەم و ئەوەوە بکات.

بە زۆری زۆردارەکیی مەهین خانمیان دوو شەو لە ژووری مناڵەکاندا خەواند، دۆشەکیان لە ژووری میوانا بۆ مناڵەکان راخست و بە ئەسپاییش بە گوێیاندا چرپاندن: داپیرە تازەکیی گەیشتووەو فەقیرە ماندووە، پاشان جێگەکەی دەگۆڕن و ژوورەکەیان دەدەنەوە.

  مەهین خانم خیش کردن و بێدەنگیی مناڵەکانی بینی و دڵی داهێزرا، ویستی شتێک بڵێت بەڵام رووی نەهات، حەوسەڵەی گوتنیشی نەبوو، تەواوی جەستەی لە شەکەتیدا دەلەرزی ... هەرکە سەری نایە سەر سەرین خەوی لێکەوت، ئاگای لەخۆی نەما، بەڵام دەمەو سپێدە خەبەری بۆوە، وا مەزەندەی کرد کە قوڕسێکی ئاسنیان نابێتە سەر قەفەزەی سینگی و هەستێکی ئازاردەرو نەناسراو، جۆرێک لە شەرم و هەستکردن بە چکۆڵە بوونەوەو گوناه، وەک ئازارێک لە جەستەیدا پێچی دەدا. نیگای زویرانەی مناڵەکانی هاتەوە بیرو ناڕەحەت بوو لەوەی کە ژوورەکەیانی زەوتکردووە، وەک بڵێی لە شیشی بدەن و ناو دۆشەکەڵەو ژێر باڵشتەکەی پڕ بن لە سوژن. پێی باشتر بوو لە راڕەوەکەو لەودیو دەرگاکەوە، یاخود خۆی گرمۆڵەکاو لەسوچێکی کەنتۆرەکەی کونجی دیوارەکەدا بنوێ و جێی کەس نەگرێت. رۆژی سێیەم جێگەکەیان بۆ گۆڕی و ئەوسا مەهین خانم هەناسەیەکی ئیسراحەتی هەڵکێشا. دۆشەکێکی ئیسفەنجی سوکەڵەیان دایە کە شەوانە لە ژووری میوان رایدەخست و بەرۆژیش لەژێر قەنەفەکەدا دەیشاردەوە. جانتاکانی لەژووری موبەق دانابوو، جانتا دەستییەکەشی بۆ هەر شوێنێک لەماڵەکەدا چووبا لەگەڵ خۆیدا دەیبرد. دەرگای کەنتۆرەکە لەبەر زۆری جلک دانەدەخراو ژێر چەرپاکانیش پڕ بوون لە کەلوپەل، جێگە بۆ قاچ راکێشانیش نەبوو. ئاخر مەهین خانم عومرێکی لەخانووی گەورەو ژووری رووەو خۆرو دیمەنی ئاسمان و هەتاوو باخ و باخچە بەسەر بردبوو، ژوورەکەی گەنجینەی خۆی هەبووەو ئەمبارەکەی سەرێ جێی سەدان جانتاو ژێر زەمینەکەش جێی باری لۆرییەک کەلوپەلی تیاببۆوە، باشە ... ئەم قسانە هی رابردوون، ژیان سەرێ و ژێرێی هەیەو نووستن لە قوژبنێکی ژووری میوانیش خاڵی لە لوتف نییە، هەڵبەت دەنگە دەنگ لە کۆڵان زۆرو وڕەی ترامێکی ژێر زەمینیی کە لەو نزیکانەوە تێدەپەڕیی شووشەی پەنجەرەکانی دەهێنایە لەرە، بەڵام مەهین خانم لە هەمان دەقیقەی یەکەمەوە بەخۆی گوت کە ژیان لە فەرەنگستان ئاوهاییە، وەختی نازو نووز نییەو سوپاس بۆ خودا کە لای مناڵەکانێتیی و ژیانی دامەزراوەتەوە.

  کوڕەزاکانی لەژیانیان قاییل بوون، قوتابخانەکەیان خۆشدەویست و دەستەیەک هاوڕێ و هاوپۆلی پورتوگالییان پەیدا کردبوو، جار ناجار میواندارییان دەکردن و مەهین خانم ناچار دەبوو لە جێگەکەی هەستێ و بچێت لە شوێنێکیتردا دانیشێت، دۆشەکەڵەکەی هەڵدەگرت و بەدوای کونجێکی ئارامدا دەگەڕا.. لە کوێ؟ دوو ژوور ژووری نووستن و موبەقێکی درێژکۆڵەو حەمامێکی چکۆڵەو ئاودەستێک لە گۆشەیەکیدا، خۆ نەدەکرا بچێ لە ژووری کوڕو بووکەکەی بنوێت، گەرچی کوڕەکەی داوای لێدەکرد لەوێ بنوێ و بووکە دلۆڤانەکەشی هیچی نەدەگوت، لەژووری مناڵەکانیش جێگه‌ نەبوو، دوو چەرپای بەیەکەوە لکاوو کتێب و پێڵاوو رەکتەی تێنس و تۆپی فتبۆڵێن لە عەردەکەدا، دەمێنێتەوە موبەق ... قسەی ناوێ، ئاخر مەگەر مەهین خانم چەند بست جێگەی دەگرت؟ گچکە هێندەی مناڵێک بوو، لاوازو چکۆڵەو تورت لەناو باوڵ و لەژێر چەرپاکەشدا جێی دەبۆوە، شەوێکیان لەناو بانیۆی حەمامەکەدا نووست و خەویشی لێکەوت، بەڵام کوڕەکەی بەتوندی ناڕەزایی دەربڕیی و لەوێ هەڵیسان و هێنای بەزۆر لەسەر سیسەمەکە، لای ژنەکەیەوە خەواندی. ئەو شەوە ناخۆشترین شەوی ژیانی مەهین خانم بوو، شەرمی لە بووکەکەی دەکرد، لەسەر لێواری سیسەمەکە راکشا، هێند دوور کە ئەگەر یەک تۆزقاڵ جوڵابا دەکەوتە خوارەوە، ئەو شەوە پێڵووی لێک نەنا، چەرچەفەکەی بەردەکەوت و جەستەی وەخووروو دەکەوت، هێند خۆی گرمۆڵە کردبوو کە بەتۆپێکی چکۆڵە دەچوو، گەر بە ئەسپایی پاڵێکت پێوەنابا یەکسەر دەکەوتە خوارەوە.

  بووکەکەی سێ چوار شەوێک ددانی بەخۆیدا گرت و پاشان بەقسەی خۆش شووەکەی تێگەیاند کە بەردەوام بوونی ئەو وەزعە شتێکی راست نییە، مەسعود (د) یش گەرچی پیاوێکی هێمن و ئاقڵ بوو، کەچی نەزانرا بۆچی بەو قسەیە تەقییەوەو ئەوسا ژن و مێرد دەمیان لەیەک گیر بوو، شتی وایان بە یەکتر گوت ئەوسەری دیار نەبوو، مەهین خانم مردو زیندوو بۆوە، نەفرەتی لەخۆی کرد کە خەتای وییە هاتووە بۆ ئێرەو ژیانی خێزانێکی شێواندووە، هەمان رۆژ بڕیاری رۆیشتنیدا.

  جانتاکەی پێچایەوە، پێڵاوەکانی لەپێ کردو چاکەتەکەی لەبەر کرد، لەسەر کورسی راڕەوەکە دانیشت و چاوەڕێی کرد، چاوەڕێی ئەوەی کە لێدانی دڵی هێور بێتەوە، چاوەڕێی ئەوەی کە بیری ساف و هاوسەنگ بێتەوەو بزانێت ئاخۆ بۆ کوێ بچێت! چما بگەڕێتەوە بۆ تاران؟ ئەمەیان باشترین شتە ... بەڵام ئەدی لەوێ بچێت بۆ کوێ؟ بچێت بۆ ماڵی خوشکەکەی؟ واتە دووبارە دختۆر یونس خان و گەوجە گەوجییەکانی! نا ... ناکرێ ... ئەدی بچێت بۆ ماڵی کچە پوورەکەی؟ بیری چووبۆوە کە دوو مانگ لەوەوبەر ئەو کچە پوورەی مردووە، خەمی نوێ بۆوەو کوڵی گریانی به‌ربوو ... ئەدی بچێت بۆ ماڵی کوڕە مامەکانی؟ ماڵی برازاکانی؟ ( ئاخر برازاکانی چووبوون بۆ ئەمەریکا) ئەدی بچێت بۆ قەبرسان؟ قیروسیا، سواڵ دەکا، کارەکەرێتیی ماڵان دەکا، بەس نییە لە مەملەکەتی خۆیدایە، سەر دەنێتە سەر ئەرزو دەمرێت، کەواتە لێرە نامێنێ، مەحاڵە لێرە نامێنێ.

  خۆشبەختانە مونیژەی کچی مەهین خانم (کە لەفەرەنگستان بە مەگی بانگیان دەکرد) لە لەندەنەوە تەلەفۆنی کردو پاڕایەوەو تکاو رەجای کرد کە هەمان رۆژ، هەمان دەقیقە دایکی سواری تەیارە کەن و رەوانەی لای ئەمی بکەن. هەمان دەقیقە کە نەدەکرا ئەوە بکرێ، بەڵام هەفتەی دواتر مەهین خانمیان بۆ فڕۆکەخانە برد، مەهین خانم وەک مەلێک کە لە قەفەز ئازاد کرابێت، گیانێکی تازەی تێهاتەوە، تەیارەکە لەماڵ دەچوو، گەرم و ئەمین و ئومان، ئاخر لەوێدا مەهین خانم کورسی خۆی هەبوو، هیی خۆی، جێگەکەی دیاری کراوو کەس بۆی نەبوو لێی داگیرکا، خۆ گەر لەسەر عەردیش یەک کورسییان بدایە، یەک بست جێگەیان بدایە کە بیزانیبا هی خۆیەیەتی، هیچی تری نەدەویست. بەئیشتیاوە کەوتە خواردن و نەنە خانمی بیرکەوتەوە کە بەسینیی، شێوی بۆ دەهێنا. ئاخر ئەوکات ئەم کەسێک بوو حیسێبی بۆ دەکراو سەری لەنێو سەرانا بوو، چەند دڵی بۆی سووتاو چەند گریا کاتێک هەواڵی شەهید بوونی کوڕەزاکەی نەنە خانم و شێتبوونی کوڕەکەی بیست، گەر ئەوە رووینەدابا ئەوا ئێستا هەموو شتەکان جۆرێکی تر بوون. مەسعود (د) دەیویست جێگەیەکی چکۆڵە بۆ دایکی بگرێ و بە نەنە خانمی بسپێرێت، ئەوە باشترین رێگەچارە بوو بۆ هەمووان، بۆ خۆی و بۆ دایکیشی، بەڵام کێ خەبەری لە سبەینێی خۆی هەیە؟ خومپارە کەللەی کوڕەزاکەی نەنە خانمی پێکاو دەسبەجێ کوشتی، چەند کەسێک لە سەبزەوار* ەوە هاتن و بووە قیامەت، لە کۆمیتەوە هاتن، لە دەزگای شەهیدانەوە هاتن، پیرۆزبایی و سەرەخۆشیی، نەنە خانمیان بردەوە بۆ گوندەکەی خۆی، ژوورێکیان دایە، شەهیدانەیەکیان بۆ بڕییەوەو بڕیاردرا لەهەمان جێگە بمێنێتەوە. هەموو ئەو شتانە بەر لەرۆیشتنی مەهین خانم بۆ ماڵی خوشکەکەی روویاندابوو.

  مەگی (مونیژەی جاران) دایکی لەئامێز گرت و هێند بە ئەڤین و دڵتەنگییەوە بەخۆیەوە گوشیی کە خەریکبوو لە ئازارو خۆشحاڵییدا هەناسەی لەبەر ببڕێت. زاواکەشی ماچیکردو توند توند دەستی گوشیی. دایڤید ئۆکڵی پیاوێکی باش بوو، خوێنی یەهودیی لە دەمارەکانیا دەگەڕاو خوێن گەرمییەکەشی هەر لەوەوە بوو، مەهین خانم کاتی خۆی ناڕازیی بوو بە شووکردنی کیژەکەی بە یەهودییەکی ئینگلیز، حەزیدەکرد زاواکەی ئێرانی و موسوڵمان با، بەڵام ورتەی لەدەم نەهاتبووە دەر، ئاخر ئەو دەستی وەرنەدەدایە کاروباری مناڵەکانییەوە، بەڵام دڵی گوشرابوو، تا ئەو رۆژەی کە روخسارو قیافەتی تەندروست و چاوانی کراوەو میهرەبانانەی دایڤید ئۆکڵی بینی و ئیدی بارێکی قورس لەسەر قەفەسەی سینگی هەڵگیرا. دەستی خستە نێو باسکی پیاوانەی زاواکەیەوەو پێکەنی، لەو لەحزەیەدا سەرنجی لاوازیی و چکۆڵەیی دەستەکانی خۆیدا، باڵای نەدەگەیشتە ناوقەدی زاواکەی، رێک هێندەی جووجەڵەیەک بوو، کێشی لە چل کیلۆ زیاتر نەبوو، لە چل کیلۆش کەمتر، ئێسقانەکانی کلۆرو قاچیشی باریک بوو وەک قەڵەم.

  باران دەباری و هەوا سارد، دایڤید ئۆکڵی قەمەرەی هەبوو، جانتاکانی لە سنووقەکەی دواوەناو بە خۆشحاڵییەوە توند بە شانی چکۆڵەی مەهین خانمیدا کێشا. مەگی لەپاڵ دایکیدا دانیشت و سەری نایە سەر شانە دەردەدارەکەی، بە گوێیدا چرپاند کە ئیدی ناهێڵێ بۆ پاریس یان بۆ تاران بگەڕێتەوە، دڵی مەهین خانم لەحاست ئەو حەمکە میهرەبانییەدا کەوتە تەپەتەپ، چاوانی لێکناو خەوی لێکەوت، بەڵام چ خەونێکی نەدیت.

  شوقەکەی مەگی و دایڤید لە نهۆمی چوارەم بوو، ئەو ئاپارتمانە ئاسانسۆری نەبوو، مەهین خانمیش شەکەت و خەواڵوو لەتری دەدا. دایڤید ئۆکڵی خەسووی کە وەک کا سووکەڵە بوو بەرزکردەوەو مەهین خانم زریکاندی، وەک قەڵەم خۆی رەپ کرد، مەگی پێکەنیی، دایڤید ئۆکڵیش خۆشحاڵ و خەسووی وەک بووکەدارینە لەباوەش گرت و بە پێپلیکانەکاندا سەرکەوت. مەهین خانم چاوانی نەدەتروکاند، باوەڕی نەدەکرد، نەیدەزانی پێبکەنێ یا بزریکێنێ یاخود بگری، بەهەموو ژیانی شتی وای نەبینیبوو، بۆیە چ کاردانەوەیەکی ئامادەی بۆ قەبووڵکردن یان رەتکردنەوەی ئەو هەڵوێستە نەبوو، هەستیکرد ئەمە خۆی نییە، بەڵکو بۆتە شتێک، بۆتە گسک یان کورسییەک کە لە بازاڕ کڕیویانە. (بوون بە گسک) ئەزموونێکی نوێ بوو لەو دونیا تایبەتییەی خۆیدا.

  شوقەکەی مەگی لەوی براکەی چکۆڵەتر بوو، لە ژووری نووستنێک زیاتری تێدا نەبوو، لەبری ئەوەی مناڵیان نەبوو، سەگیان هەبوو، سەگێکی گەورەو کوڵکن، سەگێک هێندەی مەهین خانم.

  دایڤید ئۆکڵی پیاوێکی ماقووڵ و مەنتیقیی بوو، هەموو کارەکانی بە حیساب بوو، نەدەچووە ژێر باری سۆزو بەزەییەوە، تێدەفکری، لە روو دانەدەما. بڕیاردرا مەهین خانم لەسەر قەنەفەکەی ژووری میوان بنوێت، کە میوانیش هات بچێتە ژووری کچ و زاواکەی و لەوێ لەسەر سیسەمەکەی ئەوان راکشێت -نووستوو بێدار- چاوەڕێ بکات. هەڵبەت ئەمە رێگەچارەیەکی ماقووڵ نەبوو، بەڵام ئەدی چارە چ بوو؟ مەهین خانم قسەی نەبوو، هەرگیز قسەی نەبووە، خۆ گەر قسەیەکیشی هەبا ئەوا دەیزانی کە وەختی گوتنی نییە، هەر ئەمەش ژیانی بۆ هەمووان سانا کردبوو.

  دایڤید ئۆکڵی مامۆستا بوو، وانەی ئابووریی دەگوتەوەو تەواوی خەرجییەکانی ماڵی لای خۆی دەنووسی. مەهین خانم خۆشبەختانە هێندەی فڕوجێک بوو، هەوڵی دەدا لە مریشکێک کەمتر بخوات. مەگی دەچوو بۆ زانکۆ، لەوێ دەرسی ژمێریاریی دەخوێند، ژن و مێرد هەر لەبەیانییەوە دەچوونە دەرێ و شەو دەگەڕانەوە، شەکەت و تاقەتی قسەکردنیان نەبوو، خۆ گەر قسەشیان کردبا ئەوا لەبارەی گرانیی و خەرجیی ژیانەوە دەدووان. مەهین خانم پارەی پێنەبوو، هەر یەکەم رۆژ مووچەوانە ئاڵتوون و گووارە یاقوتییەکانی بە زۆری زۆرداریی و بە تکاو رەجا دایە کچەکەی تا بیانفرۆشێ. مەگی گوتبووی:"نا، مەحاڵە!" شووەکەشی گوتبووی:"قەیچێکات!" مەگی گریا بوو، گوتبووی:" نا!" بەڵام پاشان قاییل ببوو، هەڵبەت بە نابەدڵیی و بە رانومایی شووەکەی.

  مەهین خانم فێرببوو کە لەگەڵ خۆیدا بئاخڤێت، ئاخر زوبانی زاواکەی نەدەزانیی و (مەگی) یش ناچاربوو بە ئینگلیزیی لەگەڵ شووەکەیدا بدوێ یان هەر هیچ نەڵێ. بە بێدەنگیی شێویان دەکرد، مەگی دەرس و دەوری سبەینێی ئامادە دەکردو دایڤیدیش دەکەوتە رۆژنامە خوێندنەوە، تەواوی لاپەڕەکانی ئەمدیوو ئەودیو دەخوێندنەوە، پاشان سێ قۆڵیی دەکەوتنە تەماشاکردنی تەلەفیزۆن، بەرنامەی زانستیی یان کلتووریی، باس و وتووێژو مەهین خانمیش واقوڕماوو راماو، نە هیچی دەبینی و نە لەهیچیش حاڵیی دەبوو، لەنێو یادەوەرییەکانی خۆیدا نوقووم دەبوو، لەکات و شوێنێکیتر. بە رۆژیش هەر بەتەنیا بوو، ماڵەکەی گسک دەدا، بە دوو ئینجانەی سەر قەراغی پەنجەرەکەوە خۆی خەریک دەکرد، بە سەعات لە بارانی بەردەوام و ئاسمانی تاریکی شاری دەنۆڕیی، لە سەگەکەی دایڤید ئۆکڵیش دەترساو زوربەی کات تا کچەکەی دەگەڕایەوە لە ژووری نووستن دەمایەوە، هەندێ جار دەچووە دەرێ، گەر باران وچانی دابا ئەوا لە باخچەکەی بەرامبەر دادەنیشت و لە سەرمادا هەڵدەلەرزی. زستانێکی تووش بوو، سەرما کاری لە مەهین خانم کرد، یەکەمجار قوڕگی هەوی کردو پاشان سینگی، وای چ قایم دەکۆکیی! وەک بڵێی دڵ و ریخۆڵەی له‌وه‌دابن بێنە دەرێ، لە هەمووشی ناخۆشتر دەنگی کۆکینەکەی بوو کە خەوی هاوسێکەی ئەودیویانی زڕاندبوو، هاوسێکەیان بە مشت بە دیوارەکەیدا دەماڵی و مەهین خانمیش سەری لەژێر سەرینەکە دەناو چمکی چەرچەفەکەی دەترنجانە دەمی و هەناسەی لەخۆ دەبڕی.

  کە بەهار هات هەموو شتێک گۆڕا، چەند تاڵە رووناکیی و هەتاو لەودیو هەورەوە وەدیارکەوتن و دڵەکان کرانەوە. دایڤید ئۆکڵی سێ رۆژ مۆڵەتی وەرگرت و ژن و خەسووەکەی بۆ پیاسەو گەڕان برد. ئەو ماوەیە خۆش رایانبوارد، مەگی حەپ و شروبی مەقەویی بۆ دایکی کڕی و مەهین خانم دوو کیلۆیەک گۆشتی گرت و لەتوێی دڵا شوکری خودای کرد، بەڵام هێشتا سوپاسەکەی تەواو نەکردبوو کە هەمدیس نەخۆشکەوتەوە.

  هێشتا سه‌ره‌تای هاوین بوو، دایڤید ئۆکڵی دوو مانگی هاوین دەچوو بۆ لای پووری، نەدەکرا مەهین خانمی بردبا بۆ ئەوێ، دەشبوو ئەو دوو مانگە شوقەکەیان بداتە کرێ تا پارەکەی شتێک لە خەرجییان بۆ پڕکاتەوە، بەتایبەتیی خەرجی خەسووشی هاتبووە سەرو لانی کەم بەو پارەیە ئەو خەرجییە قەرەبوو دەبۆوە. رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە مەهین خانم بۆ پاریس بۆ لای کوڕەکەی بنێرنەوە، خێرا ئەم بڕیارەیاندا، بەبێ راوێژکردن بە مەسعود (د). مەهین خانمیان سواری تەیارە کردو تەلەفۆنیان بۆ مەسعود (د) یش کرد کە وا دایکت بەڕێوەیە. چ وەختێکی ناجۆر بوو! مەسعود (د) گەرچی بە هاتنەوەو بینینی دایکی خۆشحاڵ بوو، بەڵام بەتایبەتیی لەو کاتەدا نەیدەتوانی لای خۆی گلی بداتەوە، هەر کاتێکیتر با پێڵاوی لەسەر چاوان بوو، بەڵام لەو وەختەدا نەدەکرا، ئاخر هاوینەو هەمووان دەچن بۆ باشووری فەڕەنسە، پارەی ئوتێل و کرێ خانووی سەر زەریایان نییە، رەشماڵ هەڵدەدەن، لە قەراغ زەریا و لە بیابان ... نا ... لە دارستان یاخود لە دەشت ... جیاوازیی چییە؟ لەبەرئەوە بردنی مەهین خانم مەحاڵ بوو، ئەوسا خوشک و برا بووە دەمەقاڵێیان، دایڤید ئۆکڵی چەند رێگەچارەیەکی شک دەبرد، هەموان ئەقڵیان خستە سەریەک و بڕیاردرا کە مەهین خانم هەمدیس بۆ لەندەن بگەڕێننەوەو شتێکی بۆ بکەن تا هەر لەوی بمێنێتەوە.

  گەرچی هەوڵیاندەدا قسەو باسەکانیان نزم و هێواش بێت و دایکیان گوێی لێنەبێ، بەڵام مەهین خانم دەیبیستن و نووکی پێی لە عەردەکە گیر دەکرد تا بەڵکو کون ببێ و رۆبچێتە ناوی، خۆی دەبینی بووه‌تە شتێکی زیادەو ئەمدەست و ئەو دەستی پێدەکرێ. مەهین خانم سەرەگێژەی پێکەوتبوو.

  فەیروزە خانم هاوڕێیەکی نێزیکی مەگی بوو، دوکانێکی چکۆڵەی جلک شتنی هەبوو کە خۆی پێ دەژیان، داوای یارمەتییان لەو کرد. فەیروزە خانم ژنێکی روخۆش و قسە خۆش بوو، پێیگوتن خۆیشی لە ژوورێکی چکۆڵەدا دەژی و ناتوانێ کەس لای خۆی گل بداتەوە، بەڵام ئەمبارێک لە پشت دوکانی جلک شۆرییەکەیدا شک دەبا، گەرچی پەنجەرەی نییە بەڵام گەرم و ئەمینە، دایڤید ئۆکلی قاییل بوو، مەگی ناڕەحەت بوو، بەڵام چارەی تری نەبوو، هیچی نەگوت، مەهین خانمیش قاییل بوو، دەیویست هەرچی زووترە کۆتایی بەو کێشەیە بێت.

  ژوورەکەی پشت دوکانی جلک شۆرییەکە شێدارو نیوە تاریک بوو، یەکەمین شەو مەهین خانم تا بەیانیی گریاو لەخودا پاڕایەوە بیمرێنێ. لەخۆی پرسی ئەرێ ئەوە چ شتێکە کە ئاوها ئەمی بەژیانەوە گرێداوەو ئەو هێزەی لەکوێ بوو؟ بۆی دەرکەوت ئەوە ئەڤینی مناڵەکانێتی ئەمی ئاوها بە ژیانەوە گرێداوە. نەزری کرد ئەو ئەڤینە لەدڵیدا نەمێنێ و ئیتر بۆ خۆی ئیسراحەتکا.

  فەیروزە خانم ژنێکی نازەنین بوو، دەیتوانی ناوبژیوانیی دە پیاو بکا، مێردەکەی لە تاران دەژیا، مێردێکی ماتەم زەدەی تریاکیی، ساڵی جارێک بەپارەی ژنەکەی دەچوو بۆ فەرەنگستان، مێردێکی دەم بە پرتەو بۆڵە، دەم بە شکایەت لە ئەرزو لەئاسمان، مێردێکی ئاوساوی دەست و پێ سپیی،  پێشتر کەسێک بووە یان خۆی پێی وابووە کەسێکە خوێنەوارو ئەهلی کتێب و تەرجومە، بە یەکەمین گورزی زەمانە ئەژنۆی شکا بوو، پەرێشان و نائومێد ببوو، فەیروزە خانمیش شێرە ژن بوو، حەوسەڵەی منگە منگ و پرتەو بۆڵەی نەبوو، مناڵەکانی رەوانەی ئینگلیستان کردبوو، دواتر خۆیشی هاتبوو بۆ ئەوێ و قۆڵی ئیشکردنی لێ هەڵماڵیبوو. فەیروزە خانم ژنێکی ئازاو بەماریفەت و بەرامبەر خەڵکانی دەوروبەری میهرەبان بوو، یارمەتی ئەو کەسانەی دەدا کە شایانی یارمەتیی بوون. هەر کە چاوی بەمەهین خانم کەوت – شیرین روخسار، چاوانێکی هەنگوینیی خەمگین– شەیدای بوو. بازاڕیی بۆ دەکرد، بە هانایەوە دەچوو، لە دوکانی جلک شۆرییەکەیدا دایدەنیشاند، کتێب و رۆژنامەی فارسیی بۆ دەهێناو سەرگەرمیی دەکرد.

  کەریم خانی برای مەهین خانم لە کەنەدا دەژیا، خاوەنی پارەو خانوو، تەنانەت باخچەیەکیشی بە چەند دانەیەک باڵندەو کەروێشکەوە هەبوو. لە رێگەی خەڵک و خواوە هەواڵی وەزعی خەراپی خوشکەکەی پێگەیشت و کردییە هەرا، ئەو هەواڵە هێند کاری تێکرد کە نامەیەکی پڕ لە گلەیی و جنێوی بۆ خوشکەزاکانی نووسی (دەشێ زیادەڕۆیی لەو نامەیەدا کردبآ، بەڵام ئیدی بەدەست خۆی نەبوو) لە نامەکەدا ئەمری پێکردن کە پێداویستییەکانی سەفەر بۆ خوشکەکەی جێبەجێکەن، ئەم خۆیشی ناسیاوێکی لە باڵیۆزخانەی کەنەدا هەبوو، بەهۆی ئەوەوە ڤیزای بۆ مەهین خانم وەرگرت.  بلیتی تەیارەی بۆ رەوانە کرد، کە مەسعود (د) یان مەگیش ویستیان شتێک بڵێن، یەکسەر تەلەفۆنی بۆ کردن و کارێکی باشی پێکردن، ئاخر لەوەوە کە سەرگەورەی خێزانەکە بوو کەسیان نەیاندەتوانی لەقسەی دەرچن.

  سەرەتای زستان بوو کە مەهین خانم بەرەو کەنەدا کەوتە رێ، خۆشحاڵ بوو بەوەی وا ئەمجارەیش، بە رێگەیەکی وا درێژدا  کەوتۆتەوە نێوان عەردو ئاسمان، وای ... مەهین خانم چ کەیفێکی هەبوو! لای پەنجەرەکەوە دانیشت و چاوانی بڕییە روناکیی تەنکی دەرێ، جێگەکەی گەرم و ئەمیش ئەوەی دەویست کە کونجێکی پارێزراوی لە دەسدرێژی خەڵکان هەبێت. مەهین خانم تای هەبوو، هەتاو خۆی لەودیو شووشەی پەنجەرەکە هەڵدەسوو، بۆ لەحزەیەک خەوی لێکەوت، سەری کەوتە سەر سینگی، بە ئاگابۆوە، پێڵووەکانی نیوە کراوەو نیگای تا کۆتایی ئاسۆ دەڕۆیشت، تا کۆتایی ئەو ویسعەتە مەزنە کە تا ئەوپەڕیی راخرا بوو، ژێریشییەوە دەشتێک بوو لە هەوری سپیی، رووناک، سووکەڵە، پاقژ ... وەک خەونێکی مەلەکوتیی، خەونێکی بێ خایلەی فریشتە خۆشەویستەکان.

  کەسێک بە گوێیدا چرپاند، نەفەرەکەی لایەوە بوو، گوێی لێ نەبوو، سینی خواردنەکەی نەویست و رووی وەرچەرخاند، روخساری بە شووشەی پەنجەرەکەوە نووساندو رۆشنایی خۆر رژایە چاوە سیحراوییەکانییەوە، هەستیکرد هەزاران ئەستێرەی چکۆڵە لەتوێی بیرو خەیاڵاتەکانیا دەدرەوشێنەوەو چرایەکیان لەناخیدا پێکردووە.

  ئاسمان سەراپا شین، بە بێ پەڵەیەک هەور، بە بێ لەکەیەکی ناقۆڵا یان شەپۆلێکی ناهاوسەنگ، رۆچووبووە دوایین سنوورەکانی ئەندێشەوە تا سەرەتای شتەکان، تا ئەوسەری فیگۆرە رۆژانەیی و پێوانە باوەکان. مەهین خانم خۆی بینی تەمەنی دوانزە ساڵانەو لە باخەکەی دەماوەنددا سەرگەرمی یارییە، بەفر دەبارێ و سەرپەنجەکانی بە بەرکەوتنی توێژاڵی تەنک و قرچۆکی سەهۆڵ دەتەزێن، لە بارینی سەرنجڕاکێشی بەفر دەنۆڕێ، لە ئاسەواری رەنگ خۆڵەمێشیی ئاسۆ دەنۆڕێ و هەستدەکا پێی لە عەرد بۆتەوەو بەرەو ئاسمان دەفڕێت، مەهین خانم شێت و شەیدای ئەم گەمەیە بوو، کە پیرییش بوو ئەم گەمەیەی هەر بیر نەچۆوە، لە پاڵ پەنجەرەکەدا دادەنیشت و نەنە خان چا و نەواتی بۆ دەهێنا، ئیدی هەردووکیان وەک ئەوەی جنۆکە دەستی لێوەشاندبن، لە سپێتیی رەهای دەرەوەیان دەنۆڕیی و هێور هێور خەو دەیبردنەوە، نیوەشەو خەبەری دەبۆوە، دەیزانی کە بەفر هەر دەبارێ و گوێی رادەدێرا، هەموو شار نووستبوو، هەموو شار بەستبووی، شار لە ماڵێک دەچوو چۆڵ و هۆڵ کە ئەشیاکانی لەژێر چەرچەفێکی پاک و تەمیزدا شاردرابێتەوە، جگە لەبێدەنگیی ئەفسوناویی فەزا، بێدەنگییەکی لێواولێو لە هیچ، تژیی لە ئامادەیی خامۆشی خودا، چ دەنگێکی تر نەدەبیسترا.

  مەهین خانم بەدرێژایی رێگە تا ی هەبوو، شەڵاڵ بوو لە ئارەقە، ئارەقەیەکی خۆش، دانیشتبوو لەپاڵ پەنجەرەکەداو هێند دیمەنی دەرەوە ئەفسوون و خوماری کردبوو، بیری نەدەکەوتەوە کێیەو لەکوێیە، وەنەوزی دەدا، خەونی دەبینی، وەئاگادەبۆوە، دەیڕوانی، یادەوەرییەکانی وەبیری خۆ دەهێنانەوەو هەمدیس دەکەوتەوە رێ، سەمای دەکرد، لەنێو بەفردا بوو، لە ناوەڕاستی ئاسماندا خلیسکخلیسکێنەی دەکرد، جۆلانەی دەکرد، لە هەموو شوێنێکدا بوو، لە زەمەنی جیاواز جیاوازدا، لەیەک لەحزەدا هەزارەها وێنەی خۆی دەبینی، یان پەرتەوازە لە فەزادا، یاخود بە ریز مەهین خانمی جۆراوجۆری لەدوای یەکەوە دەبینی، مەهین خانمی پیرو منداڵ و جحێڵ لەم ژیانەداو لە رۆژەکانی تردا. ژنێک بە توانایەکی بێ کۆتاییەوە، گرێدراو لەگەڕانەوەیەکی ئەبەدییدا، یەکەمجار بوو کە مەهین خانم بیری لای مناڵەکانی و لای خەڵکانی سەر عەرد نەبێ، بیری لای فەرشە تەورێزییە گەورەکەو بیری لای شاڵەکانی نەبێ، بیری لای ماڵەکەی نەبێ لە شەقامی پەهلەویی و بیری لای یادەوەرییەکانی سەر عەردی نەبێ.

  بە ژوور هەورەوە بوو، ویسعەتی مەزن هێور هێور دەچووە جەستەیەوەو لەوسەری رۆحیدا رۆدەنیشت، شێدارو داهێزراو وەک گەرمای دڵڕفێنی پاییز خۆی تێ دەئاڵان و تەونی بە دەوریدا دەکردو چەتری لەسەر هەڵدەدا، وەک بڵێی لە زگی دونیادا بێ، پارێزراوو لە ئەماندا، لەودیوی زەمەنەوە بێ.

  کەریم خان، نائارام چاوەڕوانی گەیشتنی خوشکەکەی بوو، بڕیاری دابوو لای خۆی گلی بداتەوەو لە بێباکیی خوشکەزاکانی شەرمەزار بوو. هەر کە چاوی بە مەهین خانم کەوت دایە خوڕەی گریان، ئاخر ئەم خۆیشی هەر دڵتەنگ و دوور لە کەسوکار بوو، رۆژی هەزار جار هەوای نیشتیمان لە کەللەی دەداو خۆی ژێوان دەکردەوە، ئیدی بینینی خوشکیش بەو پیریی و تێشکاویی و سەرگەردانییەوە خەمی نوێ کردەوە. لە دڵی خۆیدا گوتی:" تف لە غەریبیی!" بۆ چرکەیەک بەسەریدا هات بگەڕێتەوە، لەوێ باخ و موڵکی هەیەو بۆ خۆی دەچێتەوە سەر ماڵ و ژیانی خۆی و لەگەڵ مەهین خانمدا دەژی، ئاخر ئەوو مەهین خانم نێزیکی یەکتر بوون، پێکەوە گەورە ببوون و جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەعومردا نەبوو، کە مەهین خانمی بینی ترسا،  وای .. چەند لاوازو پیرو واقوڕماو بوو! دەڕوانێ بەڵام نابینێ، هۆش و گۆشی بەخۆی نییە، کاتێ کە دەستی گرت راچڵەکیی، ئێسکێکی گەرم و هیچیتر، قسانی لەگەڵ کرد، قسەکانی نەدەژنەفت، وەڵامی سەیرو پچڕ پچڕی دەدایەوە، ئەوسا کەریم خان پەشۆکاوو بزڕکاو، خوشکەکەی لەئامێزگرت و ماچی کرد، هەستی بە پیریی خۆی کردو دڵی تاریک داهات.

  گەیشتنە ماڵ، کەریم خان مەهین خانمی لەسەر سیسەمێکی گەورە خەواندو دختۆری هێنایە سەر، تەلەفۆنیشی بۆ خوشکەزاکانی کرد، لەبارەی وەزعی دایکیانەوە قسانی بۆ کردن و دڵنیای کردنەوە کە هۆی ئەوە ماندوویی رێگەو بێ خەوی و گوشاری خوێنە، هیچ جێی مەترسی و نیگەرانیی نییەو ئەوسا کەوتە دڵنەوایی کردنی خوشکەکەی، پەرۆش و شپرزەو هێند قسانی هەبوون کە نەیدەزانی لە کوێوە دەست پێبکا. چما لەبارەی رۆژانی زووەوە قسانی کردبا؟ لەبارەی رۆژانی مناڵییەوە؟ لەبارەی دوێنێ و پێرێوە؟ لە بارەی خۆی و بڕیاری ناکاوی گەڕانەوەیەوە بۆ نیشتیمان؟ پێدەکەنیی، خۆشحاڵ بوو، باوەڕی نەدەکرد بڕیاری گەڕانەوەی دابێ، ئەم خۆشحاڵییە کوتوپڕەی لەچاوی خوشکەکەی دەناسی، خۆیشی نەیدەزانی چۆناوچۆنی ئەو خەیاڵە داوێتیی لە کەللەی، دەشێ بینینی قڵافەتی مات و ئامادەیی سەرگەردانی خوشکەکەی ئەمی راچڵەکاندبێ، لە چاوانی راماوی مەهین خانمی رووانی و ترسا، چاوانێک کە وەک بڵێی چۆڵ بن لە یادەوەریی ئاشناو بیرو خەیاڵاتی ماقووڵ، غوربەتی لەو چاوانەدا بینی و لە قوڵایی دڵەوە لەرز دایگرت، تازەکیی پەی بەوە برد کە چەندێک بێ کەسوکارو تەنیایە، تازەکیی پەی برد بەوەی کە ژێر پێی چۆڵەو وەک موسافیرێکی غەووارە لەویستگەیەکی ساردو خەمگیندا، ئامادەبوونێکی کاتیی و زوو تێپەڕی هەیە. دەستی مەهین خانمی گرت و ماچیکرد. پێیگوت:" دەربەدەریی و بێ ماڵ و حاڵیی تەواو!" پێیگوت: هەر کە تەندروستیی هاتەوە سەر خۆی بە یەکجاریی دەگەڕێنەوە. مەهین خانم پێڵووی لێکنا، بینی لەپاڵ پەنجەرەی تەیارەدا دانیشتووەو ویسعەتی شین بانگی دەکات، خەوی لێ کەوت و هەمدیس ئاسمانی لە خەوندا بینی کە وەک زەریایەکی بەخوڕ بەرەو پانتاییەکانی رووناکی بوون رێی دەکرد، خۆیشی نەیدەزانی چەندێکە نووستووە، تینووی بوو، هەستایە سەر پێ، ئەژنۆکانی دەلەرزین، کەریم خان لەماڵ نەبوو، لەملاولای خۆی رووانی، نەیدەزانی لەکوێیە، رۆشناییەکی دڵڕفێن لەودیو پەردە تۆڕییەکەی پەنجەرەکەوە دەڕژایە ژووره‌وه‌، زیاتر چووە پێش، دەستی بەلێواری کورسییەکەوە گرت، راوەستا تا هەناسەیەک وەرگرێت، دوو هەنگاوی هەڵێناو مەزەندەی کرد کێوەکە هەڵکەندراوە، ئارەقە بەخوڕ بە روخساریدا دەهاتە خوار، بە دەستێکی لەرزۆکەوە پەردەکەی لادا، لەدەرەوە بەفر دەباریی، گوێی رادێرا، هەمان سکوتی بانگێشتکارانەی دێرین. نەنە خانم چا و نەواتی بۆ هێنابوو، لەبەر دەرگاکەدا راوەستا، دەگریا، ئاخر کوڕەزاکەی شەهید ببوو، دەچوو بۆ سەبزەوار، مەهین خانم پێیگوت:" نەنە گیان، راوەستە پارەت بدەمێ بۆ رێگە!" دەستی خستە سەر دەسکی دەرگاکە، شەکەت ببوو، دەیویست دانیشێت، بەدوای جێگەکەیدا دەگەڕا، میوانداری تەیارەکە تەماشای بلیتەکەی کرد، کزەیەکی سارد لە روخساریدا، لەرزی لێهات، بەفر دەباری، بەفرێکی چڕ هەر کلووەی هێندەی ژێرپیاڵەیەک، چووە پێشتر، پێی هەڵخلیسکا، تەیارەیەکی سارد بوو، جێگایەکی پەیدا کرد لێی دانیشێت، زیاتر چووە پێشێ، شەقامێکی سپیی لەبەردەمیدا راخرابوو، پروشەی بەفر دەچووە چاوانییەوە، کێوی دەماوەند، بەرزو تۆکمەو شکۆدار، لەدوورەوە تەماشای کرد، شکۆمەندییەکەی لە شکۆمەندیی باوکی دەچوو ئەو دەمەی لەسەر بەرماڵ بۆ نوێژکردن رادەوەستاو (با) خۆی دەکرد بەژێر عەباکەیدا. لەو ساتانەدا پێدەچوو باوکی سەری لە ئاسمانا بێ و پای، رەگی بە عەردا رۆ بردبێ. چەند خۆش بوو ئەو کاتانەی کە لەپاڵ ئەو کێوە بڵندە ئەفسوناوییەدا دەژیا، ئەو کێوە بڵندە ئەفسوناوییەی کە سەری دابووی لەئاسمان. ئەم پیاوە لەنێوان دوو عامودی مەڕمەڕیدا راوەستابوو بۆ نوێژی نیوەڕۆ، لەگەڵ سێبەرەکەیدا دەچوو بۆ ئەوپەڕی دونیا، چ کەیفێکی هەبوو ئەو کاتانەی کە دەچووە ژێر عەباکەیەوەو سواری کۆڵی دەبوو، بەسەر بڵندترین ترۆپکی دونیاوە بوو، لەسەروو عەردو لەسەروو خانووی چکۆڵەی قوڕو بە ژوور مرۆڤی چکۆڵەو کورتەبنەوە کە هەر هێندەی مێروولەیەک بوون.

  لەپەنجەرەی تەیارەکەوە تەماشای کرد، هەمان دیمەنی بینی و پێیوابوو هەمدیس باوکی کردوویەتییە قەڵاندۆشکانی و دەستی کەسی ناگاتێ، نە دەستی دایکی کە سزای بداو سەرزەنشتی بکا، نە دەستی خانمی مامۆستای ماتماتیک کە لەبارەی زەرب و بەشە ناکۆتاکانەوە بۆی بدوێ، نە دەستی حەسحەسەکەی کۆڵان کە گوێچکەی راکێشێ، نە دەستی مێردەکەی کە بیچەوسێنێتەوەو قەهری بدا، نە دەستی مناڵەکانی کە هۆگری بن و بە لەزەتێکی ئاژەڵانەوە گۆشتی بجوون و خوێنی بخۆنەوە، نە دەستی خەڵکانی تر کە پێوەری ئەخڵاقی و فەلسەفەی مێژوویی بۆ دانێن و سەری بە کێشی قورسی وشەکان بئاخنن و بە راستەو پڕگاڵی ئەندازە پەک کەوتووە ماتماتیکییەکان مەرزی روانین و سنووری شعوری مەزەندەکەن.

  کەسێک بانگی کرد، دەشێ دەنگەکە لەودیو کێوی دەماوەندەوە بووبێ، رایکرد، سوڕایەوە، بە شەقامێکی دەستەچەپدا داگەڕا، شەقامێکی پڕ لە بەفر، خەریکبوو لەتاو گەرما دەسووتا، پاڵتۆکەی داکەند، قۆپچەکانی کراسەکەی کردنەوە، سەری رووەو ئاسمان هەڵبڕیی، گەمەکانی مناڵیی بیرکەوتنەوەو پێکەنی، بەفر دەڕژایە دەمی، بەفرێکی بەتام بوو، سەیریکرد .... سەیریکرد، دیقەتیدا، بێ ئەوەی پێڵوو بتروکێنێ، پێی لە عەرد بۆوە، پەڕی بەفر بەفەزادا داکوترا بوو، ئەمیش بەرەو سەره‌وه‌ دەچوو، ئیدی لە ئاسمان بوو، بەژوور هەورەوە، کێوی دەماوەندی بینی، کێوی دەماوەند لەژێرییەوە بوو، کورسییەکی گەورەی لەدارگوێز دروستکراویان لەسەر ترۆپکەکەی بۆ دانا، شاڵێکی مەخمەڵی سووریشیان– لە هەمان ئەو شاڵەی کە لە ژوورەکەی باوکیدا بوو– دابوو بەسەر کورسییەکەدا، میوانداری تەیارەکە جێگەکەی پیشاندا، جێگە تایبەتییەکەی خۆی، دانیشت، هێندەی مناڵێک دەبوو، لەنێو کورسییەکەیدا رۆچوو، عەباکەی باوکی لەخۆوە پێچاو روخساری بە پەنجەرەکەوە نووساند، ئاسمان یەک پارچە شین بوو، زوڵاڵ وەک سەرچاوەیەک لە رووناکیی، ویسعەتی مەزنیش کراوەو سەخی و شکۆمەند. گوێی ڕادێرا، جگە لە دەنگی بارینی بەفرو خامۆشیی شیرینی مەرگ چ دەنگێکیتر نەدەبیسترا.

                            *

 

  مەسعود (د) گوناهەکەی خستە ئەستۆی خوشکەکەی و ئەوی بە کەمتەرخەم زانی، خوشکەکەشی گلەیی لە خاڵە کەریمی کرد. دایڤید ئۆکڵی گوتی:" ئەم جۆرە شتانە زۆر روودەدەن!" لەوەشەوە کە لەزانکۆ دەرسی دەگوتەوە، لەبارەی یاسای عیللەت و مەعلوولەوە قسانی کردو ئاماژەی بە ئەحکامە مێژوویی و ئابوورییەکاندا. فەیروزە خانم دڵی بۆی سووتاو پاشان بیری چۆوە، خەڵکانیتریش زۆریان لەخۆیان کرد تا چیرۆکەکەی مەهین خانمیان بیر نەچێتەوە، بەڵام دواجار بیریان چۆوە.

  ئەدی چما لەو هەموو گرفتاریی و بەدبەختیی و راکەراکەو شەکەتییەدا، چما لە زەمەنی جەنگ و غەریبیدا، دەکرا بونیادەم هیچی بیر بمێنی؟

  مەهین خانم باش لەمە گەیشتبوو ... سوپاس بۆ خودا کە وی ژنێکی بەشعوربوو.